یەمەن فڕۆکەخانەی ئەبهای بۆردوومانکرد و هۆشداریی دەداتە سعوودیە

یەحیا سەریع گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەبها لە ناوخۆی خاکی سعوودیە ئەنجامداوە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆپەراسیۆنەکە لە رێگەی چەندین مووشەکی بالیستی و درۆنەوە بووە و ئامانجەکانی بە وردی پێکاوە، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو دوژمنکارییەی کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەنعای کردە ئامانج.

دووشەممە 13ـی تەمووزی 2026، یەحیا سەریع گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن رایگەیاند، ئەم وەڵامدانەوە سەربازییە خێرایە دوای ئەوە هات کە فڕۆکە جەنگییەکانی سعوودیە، کاتژمێر 1:54ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییان کردە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەنعا بە مەبەستی پەکخستن و داخستنی فڕۆکەخانەکە بە رووی ئەو گەشتە ئاسمانییەکاندا، ئاماژەی بەوەشکرد، بەرگری ئاسمانی هێزە چەکدارەکان رووبەڕووی فڕۆکە جەنگییەکانی سعوودیە بوونەتەوە بۆ تێکشکاندنی هێرشەکە.

گوتیشی، هێزە یەمەنییەکان حکوومەتی سعوودیەیان بە بەرپرسیاری تەواوی لێکەوتە مەترسیدارەکانی ئەم بڕیارە نەفامانەیە داناوە و رایگەیاند، ئەم هێرشە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکات.

لە چوارچێوەی پەرەسەندنە مەیدانییەکاندا، هێزە چەکدارەکان هۆشدارییەکی توندیان دایە هەموو کۆمپانیا فڕۆکەوانییە نێودەوڵەتییەکان و داوایان لێکردن لە گەشتەکانیاندا ئاسمانی سعوودیە بەکارنەهێنن، داواشیان کرد ئەم هۆشدارییە بە هەند وەربگرن تا ئەو کاتەی گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سەنعا بە تەواوی هەڵدەگیرێت.

هەروەها هێزە چەکدارەکان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد بۆ هەڵوێست و هاوکارییەکانی بۆ گەلی یەمەن لە هەوڵەکانی بۆ شکاندنی گەمارۆ و رێکخستنی گەشتە مرۆییەکان بۆ فڕۆکەخانەی سەنعا.

یەحیا سەریع لە کۆتاییدا گوتی، گەلی یەمەن و هۆزەکانی ناوچەکە، هەرگیز بەردەوامی گەمارۆ قبوڵ ناکات و هێزە چەکدارەکان لەوپەڕی ئامادەییدان بۆ گرتنەبەری هەموو هەنگاوێکی رێگریکار بۆ شکاندنی گەمارۆکە و چەسپاندنی سەروەریی یەمەن.