سپەیس ئێکس داوای کارکردن لە هەرێمی کوردستان دەکات

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بۆ کوردستان24: ئامادەکارییەکان تەواو بوون و ستارلینک چاوەڕێی هەڵسەنگاندنی کۆتاییە

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کۆمپانیای "SpaceX" داواکاریی فەرمی بۆ کارکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی ستارلینک لە هەرێمی کوردستان پێشکەش کردووە و لەو چوارچێوەیەدا کۆبوونەوەی فەرمی لە نێوان هەردوولادا ئەنجامدراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، کۆمپانیای (SpaceX) داواکاریی کارکردنی پێشکەش بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، تاوەکو بتوانن خزمەتگوزارییەکانیان لە سنووری هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی بخەنەکار.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، دوای گۆڕینەوەی چەندین نامەی ئەلیکترۆنی لە نێوان هەردوولادا، لە رێکەوتی 30ـی حوزەیرانی 2026، کۆبوونەوەیەکی فەرمی لە نێوان ستافی پەیوەندیداری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ستافی کۆمپانیای سپەیس ئێکس بەڕێوەچوو.

لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەر یەکە لە بەڕێوەبەری گشتیی پۆستە و گەیاندن، بەڕێوەبەری یاسایی، بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیر و نوێنەری دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بەشداربوون. لە بەرامبەریشدا، ستافی کۆمپانیای سپەیس ئێکس پێکهاتبوون لە سەرپەرشتیاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێپرسراوی وەرگرتنی رێگەپێدانی کۆمپانیاکە.

وەزارەتی گواستنەوە ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی چڕ دەربارەی رێکارەکانی کارکردنی سپەیس ئێکس لە هەرێمی کوردستان کراوە، هاوکات وەزارەت مەرج و رێکارە تەکنیکییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی خستووەتەڕوو، کە پێویستە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستاندا بن و رەچاو بکرێن.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە "وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە گەرمی پێشوازی لەم هەنگاوە دەکات و بە گرنگییەوە دەڕوانێتە خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت لە رێگەی ستارلینک."

وەزارەت جەختی لەوەش کردووەتەوە، کە ستارلینک بەشێکە لە خزمەتگوزارییە پێشکەوتووەکانی جیهان و پێویستە لە هەرێمی کوردستاندا بەردەست بێت. ئاماژە بەوەش دراوە کە دوای جێگیرکردنی رێنماییە تەکنیکییەکان، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی فەراهەمکردنی فرەچەشنی لە خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت و خزمەتکردنی زیاتری بەکارهێنەران لە هەرێمی کوردستان.

هاوکات دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وردەکاریی نوێی لەبارەی دانوستانەکان لەگەڵ تیمی سپەیس ئێکس بۆ کاراکردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی ستارلینک ئاشکرا کرد و سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنی خزمەتگوزاریی ستارلینک لە هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەموو ئامادەکارییە کارگێڕییەکان کراون و رەشنووسی پێشنیازەکان بۆ چۆنیەتیی کارکردنی کۆمپانیاکە گەیەندراوەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان. جەختیشی کردەوە کە "هەر کاتێک وەڵامی هەڵسەنگاندنەکان بگەڕێتەوە، کۆمپانیاکە دەتوانێت راستەوخۆ دەست بە کارەکانی بکات."

لەبارەی تێچووی ئەم جۆرە ئینتەرنێتە، گوتەبێژی وەزارەت ئاماژەی دا، نرخی ستارلینک لە هەموو جیهاندا تا رادەیەک جێگیر و هاوشێوەیە. گوتیشی: "ئەم خزمەتگوزارییە زیاتر بۆ بەکارهێنانی تایبەت و سێکتەرە دەگمەنەکانە، چونکە نرخەکەی بەراورد بە ئینتەرنێتی ئاسایی (کێبڵ و فایبەر) گرانترە، بۆیە رکابەرییەکی راستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیا ناوخۆییەکان دروست ناکات کە خزمەتگوزاریی هەرزانتر پێشکەش دەکەن."

یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی هێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە، گەیاندنی ئینتەرنێتە بۆ ئەو شوێنانەی ژێرخانی فایبەریان پێنەگەیشتووە. دیلان رەشاد دووپاتی کردەوە، دانیشتووانی ناوچە دوورەدەست و شاخاوییەکان سوودمەندی یەکەم دەبن لەم پڕۆژەیە. هاوکات دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە وەزارەت هەموو مەرجە تەکنیکی و یاساییەکانی تایبەت بە پاراستنی زانیاری و ئاسایشی داتاکانی بەکارهێنەرانی لە رێککەوتنەکەدا رەچاو کردووە.

بە پێچەوانەی هەندێک وڵاتی دیکە کە خزمەتگوزارییەکە تەنیا بە شێوەی ئۆنلاینە، لە هەرێمی کوردستان "ستارلینک" لە رێگەی بریکاری فەرمییەوە کارەکانی دەکات. ئەمەش وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ رێکخستنی یاسایی و دابینکردنی پشتگیریی تەکنیکیی راستەوخۆ بۆ ئەو هاووڵاتی و دامەزراوەیانەی کە دەیانەوێت سوود لە خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیای سپەیس ئێکس وەربگرن.