توێژەرێکی کورد: هەنگوینی کوردستان لە هەندێک رووەوە لە هەنگوینی "مانوکا"ی جیهانی باشترە

بێلان عوسمان ، قوتابیی دکتۆرا و توێژەر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ئەنجامەکانی توێژینەوەیەکی نوێی لەبارەی کوالێتی و تایبەتمەندییەکانی هەنگوینی کوردستان ئاشکرا کرد و رایگەیاند، بەرهەمی ناوخۆیی توانای کێبڕکێی جیهانی هەیە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی تەممووزی 2026، بێلان عوسمان قادر لە لێدوانەکەیدا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، توێژینەوەکەی سەلماندوویەتی کە هەنگوینی کوردستان پێکهاتەیەکی دەوڵەمەندی دژە ئۆکسان و دژە بەکتریای هەیە و رۆڵێکی کارا دەگێڕێت لە بەهێزکردنی بەرگریی لەش. گوتیشی "ئەم توێژینەوەیە تەنیا کۆکردنەوەی داتا نییە، بەڵکو ناساندنێکی زانستیی سەلمێندراوە بۆ هەنگوینی کوردی لە نێوەندە توێژینەوەییەکان و بازاڕە جیهانییەکاندا."

ئەو توێژەرە جەختی لەوە کردەوە، ئەنجامەکان دڵخۆشکەرن و دەرکەوتووە کە هەنگوینی ناوچەکە لە هەندێک رووەوە لە هەنگوینی "مانوکا"ی نیوزلەندی باشترە، کە بە یەکێک لە گرانترین و باشترین جۆرەکانی هەنگوین لە جیهاندا دادەنرێت.

 دەشڵێت "ئەمە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە بۆ ئاستبەرزیی کوالێتی هەنگوینی کوردستان، بەڵام پێویستمان بە تاقیگەی پێشکەوتوو و متمانەپێکراو هەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی تاوەکو بڕوانامەی جیهانی بە بەرهەمەکانمان ببەخشن."
بێلان عوسمان ئاماژەی بەوەش دا، جۆراوجۆریی رووەک و سروشتی کوردستان کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کوالێتی هەنگوینەکە هەیە، بەڵام ئەم بوارە پێویستی بە توێژینەوەی وردتر هەیە بۆ ناسینەوەی ئەو رووەکە تایبەتانەی بەرپرسن لەو پێکهاتە دەرمانییانە، جەختیشی کردەوە کە تەنیا رێگە بۆ سەلماندنی کوالێتی، بوونی تاقیگەی ستانداردی جیهانییە، نەک تەنیا شیکاریی سەرەتایی، بۆیە داوای کرد تاقیگەی حکوومیی ئاستبەرز بە ستافی پسپۆڕ بکرێنەوە بۆ ئەوەی بڕوانامەی بڕواپێکراو بدەنە هەنگەوانان و لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە هاوشێوەی براندە جیهانییەکان بناسێندرێن.

سەبارەت بە تێچووی توێژینەوەکە، ئەو قوتابییەی دکتۆرا باسی لەوە کرد کە پرۆسەی توێژینەوە خەرجییەکی زۆری دەوێت، بەتایبەت کە ئەو وەک خوێندکاری "پاڕالێڵ" درێژە بە خوێندن دەدات. لەو چوارچێوەیەدا سوپاسی کۆمپانیای "ئاوامێدیکا"ی کرد بۆ دابینکردنی تاقیگە ستانداردەکانیان، کە یارمەتیدەر بوون تاوەکو توێژینەوەکەی بگاتە ئەم ئاستە زانستییە بەرزە.

بێلان عوسمان داوای لە هەنگەوانانی کوردستان کرد "بە پلەی یەکەم لە بەکارهێنانی قڕکەری کیمیایی دووربکەونەوە، دووەمیش شەکری دەستکرد بە هەنگەکان نەدەن." 

هاوکات جەختی کردەوە کە شێوازی هەڵگرتنی هەنگوین لە شوێنی گونجاو زۆر گرنگە بۆ پاراستنی تایبەتمەندییە دەرمانییەکانی و رایگەیاند کە بەردەوام دەبێت لە توێژینەوەکانی لەم بوارەدا.