سوپای پاسداران بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر بەحرەین

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند؛ زنجیرەیەک هێرشی بە مووشەک و درۆن کردووەتە سەر چەند شوێنێکی دیاریکراو لە بەحرەین.

دوابەدوای ئەم هێرشانە لە مەنامەی زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا و حکوومەتی بەحرەین داوای لە هاووڵاتییانی کرد بچنە پەناگەکانەوە.

تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران لە زاری سوپای پاسدارانەوە ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی تەممووزی 2026، بڵاویکردەوە، لەم هێرشانەدا چەند ئامانجێکی ستراتیژی پێکراون، لەوانە؛ کۆگاکانی پشتیوانی لۆجستی سەربازی، ناوەندێکی پەیوەندییە مانگی دەستکردەکانو هەروەها  باڵەخانەی نیشتەجێبوونی هێزە ئەمریکییەکان لە بەحرەین.

ئەم هێرشانەی سوپای پاسداران دوای ئەوە دێن، درەنگانی شەوی رابردوو فەرماندەیی هێزەکانی ناوەندیی ئەمریکا "سێنتکۆم" رایگەیاند، بە فەرمانی راستەوخۆی فەرماندەی دۆناڵد ترەمپ، بۆ سێیەم شەوی لەسەریەک دەستیان بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرشی چڕ بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران کردووە. ئەم هێرشانە وەک هەوڵێک بۆ پەکخستنی تواناکانی تاران و پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی لە گەرووی هورمز وەسف دەکرێن.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشانە سەپاندنی تێچوویەکی قورسە بەسەر هێزە ئێرانییەکاندا و لاوازکردنی توانای ئەو وڵاتەیە بۆ ئەنجامدانی هەر جۆرە هێرشێک دژی کەشتییە بازرگانییەکان و هاووڵاتییانی مەدەنی.

سێنتکۆم جەخت دەکاتەوە، ئەم جووڵە سەربازییانە بۆ گەرەنتیی ئازادیی هاتوچۆی دەریاییە لە گەرووی ستراتیژیی هورمز، کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە.