ڤیکتۆریا تەیلەر: ترەمپ پشتیوانی زەیدی دەکات بەو مەرجەی گرووپە چەکدارەکان چەک بکات
بەڕێوەبەری دەستپێشخەریی عێراق لە ئەتلانتیک کاونسڵ بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ دۆناڵد ترەمپ و کۆشکی سپی پشتیوانی لە عەلی زەیدی دەکەن. سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی زەیدی بۆ واشنتن بە گرنگ وەسف کرد، بەڵام جەختی کردەوە، دەبێت زەیدی لە بەرامبەر ئەم پشتیوانییەدا توانای خۆی لە چەککردنی گرووپە چەکدارەکان بسەلمێنێت.
ڤیکتۆریا تەیلەر، بەڕێوەبەری دەستپێشخەریی عێراق لە ئەتلانتیک کاونسڵ ئاماژەی بەوەدا کە پێیوایە حکوومەتەکەی زەیدی و حکومەتەکەی سوودانی، بەهۆی ئەوەی هەردووکیان لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگیییەوە هەڵبژێردراون، ڕووبەڕووی هەمان ئەو ئاڵنگارییانە دەبنەوە کە لە ئەجێندای کارکردنیاندا هەیە. ئامۆژگاری زەیدی دەکات، پشتیوانیی کۆشکی سپی بە باشی بەکاربهێنێت و بەرەوپێشچوونی کردەیی نیشان بدات.
سەبارەت بە رۆڵی ترەمپ، تەیلەر رایگەیاند؛ ئیدارەی ترەمپ پێشتریش دەستوەردانی کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەتایبەتی لە پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان. بەڵام پێشبینی دەکات لە کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان ترەمپ و زەیدی، ئەم بابەتە بە شێوەیەکی سەرەکی و بەزەقی باس نەکرێت، چونکە پرسی گرووپە چەکدارەکان لە پێشینەدا دەبێت.