کۆمپانیا زەبەلاحەکان دژی باجە 20%ـەکەی ترەمپن لە گەرووی هورمز

کۆمپانیا زەبەلاحەکانی گواستنەوەی دەریایی و یەکێتییە نێودەوڵەتییەکانی کەرتی دەریاوانی، بە توندی دژایەتیی خۆیان بۆ بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ سەپاندنی باجی ٢٠٪ لە گەرووی هورمز ڕاگەیاند؛ کۆمپانیاکانی وەک "هاپاگ لۆید" و ڕێکخراوی "بیمکۆ" جەخت دەکەنەوە کە ئەم بڕیارە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە، هاوکات هۆشداری دەدەن کە ئەم هەنگاوە تێچووی گواستنەوەی نەوت دوو هێندە دەکات و جووڵەی بازرگانی لەو ڕێڕەوە ستراتیژییەدا بەتەواوی پەک دەخات.

گوتەبێژێکی رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی (IMO) لە لەندەنەوە بە رۆیتەرزی رایگەیاند: "ئێمە ئاگاداری بڵاوکراوەکەی سەرۆکی ئەمریکاین، بەڵام دەمانەوێت دووپاتی بکەینەوە کە هەڵوێستی رێکخراوەکەمان سەبارەت بە سەپاندنی تێچوو لە گەرووە نێودەوڵەتییەکاندا جێگیر و ڕوونە؛ ئێمە بە توندی دژی هەر جۆرە باج و سەرانەیەکین بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان، چونکە هیچ بنەمایەکی یاسایی بۆ سەپاندنی تێچووی زۆرەملێ لە بەرامبەر تێپەڕبوون لە گەرووەکاندا بوونی نییە."

کۆمپانیای "هاپاگ لۆید" (Hapag-Lloyd)، کە یەکێکە لە زەبەلاحەکانی بواری گواستنەوەی دەریایی لە جیهاندا، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، وەرگرتنی پارە بۆ تێپەڕبوون لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان کارێکە لە بنەڕەت هەڵەیە، بێ گوێدانە ئەوەی چ وڵاتێک سەرپەرشتی دەکات. کۆمپانیاکە ڕوونیکردەوە: "وەرگرتنی تێچوو لە نۆکەندی سوێس یان پاناما جیاوازە، چونکە ئەوانە پڕۆژەی ژێرخانن و وەبەرهێنانی گەورەیان تێدا کراوە، بەڵام ئەمە بۆ گەرووی هورمز ڕاست نییە."

هەروەها یاکوب لارسن، بەرپرسی باڵای ئەمنی لە رێکخراوی "بیمکۆ" (BIMCO) - کە گەورەترین یەکێتیی دەریاوانییە لە جیهاندا، رایگەیاند، هەرچەندە پێشنیارەکەی ئەمریکا بۆ دابینکردنی بودجەی ئەمنی لە رێگەی باجەوە ڕەنگە نیازپاکانە بێت، بەڵام بەرزبوونەوەی تێچووەکە دەبێتە هۆی ساردبوونەوەی زیاتری کۆمپانیاکان لە بەکارهێنانی گەرووەکە. گوتیشی: "ئەمە تەنیا لەو کاتەدا قبووڵکراوە کە هەڕەشەکانی ئێران بە رادەیەکی یەکجار زۆر کەم ببنەوە."

لەلایەکی دیکەوە، یەکێتیی خاوەن کەشتییەکانی ئەوروپا (ECSA) جەختی لەوە کردەوە، کارە لەپێشینەکەی ئەوان سەلامەتیی تیمەکانی سەر کەشتییەکانە. سۆتیریس راپتیس، سکرتێری گشتیی یەکێتییەکە، گوتی: "ئازادیی دەریاوانی کۆڵەکەی سەرەکیی یاساکانی دەریایە و هیچ بڕگەیەکی تێدا نییە رێگە بە سەپاندنی باج بدات بۆ تێپەڕبوون لە گەرووەکە."

داتا نوێیەکانی کۆمپانیای "کێپلەر" (Kpler) نیشانی دەدەن کە هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز لە ڕۆژی یەکشەممەدا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. بەپێی ئامارەکان، تەنیا 14 کەشتی لە گەرووەکە تێپەڕیون، لە کاتێکدا هەفتەیەک پێشتر 37 کەشتی بوون. شارەزایان پێشبینی دەکەن ئەگەر باجە 20%ـەکەی ئەمریکا جێبەجێ بکرێت، جووڵەی بازرگانی لە ناوچەکەدا بەتەواوی وشک بکات.

لە نێوەندی هەڵکشانی گرژییە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و تاران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بڕیارێکی ئاڵۆزی دا بە سەپاندنی 20% باج بەسەر تەواوی ئەو کاڵا و بارانەی کە لە گەرووی ستراتیژیی هورمزەوە تێپەڕ دەبن. ئەم هەنگاوە کە وەک شۆکێک بۆ بازاڕەکانی وزە دەبینرێت، نەک تەنیا ئاگربەستەکەی نێوان هەردوو وڵاتی هەڵوەشاندەوە، بەڵکو ئیدارەی ئەمریکای رووبەڕووی دژایەتییەکی یاسایی لەگەڵ خودی بەرپرسانی واشنتن و یاسا نێودەوڵەتییەکان کردووەتەوە.

ئەم ناڕەزایەتییانەی کەرتی پیشەسازیی دەریایی نیشانەی ئەوەیە کە بڕیارەکەی واشنتن رووبەڕووی ئاستەنگی گەورەی نێودەوڵەتی دەبێتەوە، نەک تەنیا لەلایەن ئێرانەوە، بەڵکو لەلایەن خودی هاوپەیمانەکان و کۆمپانیا بازرگانییەکانیشەوە.

پسپۆڕانی ئابووری هۆشداری دەدەن کە سەپاندنی ئەم باجە دەبێتە هۆی دوو هێندەبوونی تێچووی گواستنەوەی نەوت. بۆ نموونە، تانکەرێکی گەورە کە دوو ملیۆن بەرمیل نەوت هەڵدەگرێت، دەبێت زیاتر لە 30 ملیۆن دۆلار تەنیا وەک باجی تێپەڕبوون بداتە ئەمریکا. ئەم تێچووەش لە کۆتاییدا دەکەوێتە سەر شانی بەکارهێنەران و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە جیهاندا. زۆرێک لە شیکەرەوان گومانیان هەیە کە ئایا ئەم بڕیارە بە کردەیی جێبەجێ دەکرێت، چونکە لێکەوتەی ئابووریی یەکجار قورسی دەبێت.

لە جیهاندا تەنیا یەک نموونەی هاوشێوە هەیە کە ئەویش گەرووی مەلاکایە لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، کە رۆژانە 23 ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام جیاوازییەکە گەورەیە؛ لە مەلاکا کەشتییەکان تەنیا بەرامبەر خزمەتگوزارییەکان پارە دەدەن نەک بۆ تێپەڕبوون. جگە لەوەش، ئەو گەرووە لەلایەن سێ وڵاتی ئاشتیخوازەوە سەنگافورە، ئەندۆنیزیا و مالیزیا بەڕێوە دەبرێت کە بۆ 60 ساڵە شەڕیان نەکردووە، لە کاتێکدا هورمز ئێستا لە ناو جەرگەی ململانێیەکی سەربازیی خوێناویدایە.

سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس نووسیویەتی: "گەرووی هورمز کراوەیە و بە کراوەییش دەمێنێتەوە، چ لەگەڵ ئێران یان بەبێ ئەوان." ترەمپ بڕیاری 20% باجەکەی بە "بابەتێکی دادپەروەرانە" وەسف کرد و گوتی: ئەمە وەک قەرەبوویەک بۆ ئەو تێچووە سەربازییە وەردەگیرێت کە ئەمریکا بۆ پاراستنی کەشتییەکان لە ناوچەکەدا خەرجی دەکات. هاوکات فەرمانی دا گەمارۆی دەریایی بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران دەستپێبکاتەوە، کە ئەمەش نیشانەی تەسکت بوونەوەی بژاردە دیپلۆماسییەکانە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.

ئەوەی ئەم بڕیارەی ترەمپ پڕ لە مشتومڕ دەکات، ئەوەیە کە راستەوخۆ پێچەوانەی لێدوانەکانی بەرپرسانی باڵای ئیدارەکەیەتی. مانگی رابردوو، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بە روونی رایگەیاندبوو: "هیچ وڵاتێک بۆی نییە باج یان تێچوو بەسەر رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکاندا بسەپێنێت، چونکە ئەمە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە." تا ئێستا نە ترەمپ و نە یاریدەدەرەکانی روونیان نەکردووەتەوە بۆچی ئەم هەڵوێستە نوێیە تەواو دژی ئەو یاسایانەیە کە پێشتر واشنتن جەختی لێ دەکردنەوە.

تاران بە تەنز و گاڵتەجاڕییەوە پێشوازی لەم هەواڵە کرد. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، گوتی: "ترەمپ بەتەواوی راست دەکات؛ هەر لایەنێک ئاسایشی گەرووەکە بپارێزێت دەبێت قەرەبوو بکرێتەوە." عێراقچی وێڕای جەختکردنەوە لەوەی کە ئێران پاسەوانی هەتاهەتایی گەرووەکەیە، گوتیشی: "بێگومان 20% زۆرە، ئێمە نرخێکی دادپەروەرانەتر دەسەپێنین."

بەپێی زانیارییەکان، ئێران و عومان ئێستا خەریکی داڕشتنی میکانیزمێکن تاوەکو خۆیان باج لەو کەشتییانە وەربگرن کە لە ئاوەکانیانەوە تێپەڕ دەبن، ئەمەش بازرگانیی دەریایی جیهانی دەخاتە ناو جەنگێکی دارایی و یاسایی یەکجار ئاڵۆزەوە کە تێیدا هەردوو لایەنی شەڕ دەیانەوێت باج لە کەشتییەکان وەربگرن.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی میدیایی "سی ئێن ئێن"، عومان پێشنیازی کردووە کە هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا بۆ دوو ڕێڕەو دابەش بکرێت؛ یەکەمیان رێڕەوی باشوورە کە بە ئاوەکانی عوماندا تێپەڕ دەبێت و تێیدا کەشتییەکان مافی هاتوچۆی ئازادی ئاساییان دەبێت، دووەمیشیان ڕێڕەوی باکوورە کە بە ئاوەکانی ئێراندا تێپەڕ دەبێت و پێویستی بە مۆڵەتی پێشوەختەی تاران دەبێت، بەڵام بێ وەرگرتنی هیچ باج و رسوماتێکی تێپەڕبوون