سبەی هێڵێکی نوێی گواستنەوە لە هەولێر کارا دەبێت
بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەی هەولێر رایگەیاند، لە سبەیەوە هێڵێکی نوێی پاس بۆ سنووری بەستۆڕە و مەلائۆمەر دەخرێتە گەڕ و، بە نرخێکی گونجاو هاووڵاتییان بۆ ناوەندی شاری هەولێر دەگوازێتەوە.
عەبدولخالق عەلی، بەڕێوەبەری گواستنەوەی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند: "لە وەڵامی داواکاری دانیشتووانی سنوورەکە، لە سبەی چوارشەممەوە 15ـی تەممووز، هێڵێکی نوێی گواستنەوە لە بەستۆڕە و مەلائۆمەرەوە بۆ ناو بازاڕی هەولێر و بە پێچەوانەشەوە کارا دەبێت."
بەڕێوەبەری گواستنەوەی هەولێر ئاماژەی بەوەش دا، کە 38 پاس بۆ کارکردن لەو هێڵە ئامادەکراون. سەبارەت بە نرخی گواستنەوەش گوتی: "سەرنشینەکان تەنیا بە هەزار دینار لەو ناوچانەوە بۆ ناو بازاڕ و بە پێچەوانەشەوە دەگوازرێنەوە."
لە بارەی کاتی کارکردنی پاسەکان، عەبدولخالق عەلی باسی لەوە کرد، کە لە وەرزی هاویندا پاسەکان لە کاتژمێر 6:00ـی بەیانی تاوەکو 8:00ـی شەو کاردەکەن، بەڵام لە وەرزی زستاندا بەهۆی کورتبوونەوەی ماوەی رۆژ، گۆڕانکاری لە کاتەکاندا دەکرێت.
بەڕێوەبەری گواستنەوەی هەولێر جەختی کردەوە، کە دابینکردنی ئەم هێڵە کارئاسانییەکی زۆر بۆ هاووڵاتییان، بە تایبەت چینە کەمدەرامەتەکان دەکات، چونکە نرخەکەی گونجاوە و بەراورد بە تەکسی تێچوویەکی زۆر کەمتری دەوێت؛ هاوکات کاریگەرییەکی ئەرێنیشی لەسەر کەمبوونەوەی قەرەباڵغی و ژمارەی ئۆتۆمبێل لە شەقامەکاندا دەبێت.
بە پێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەی هەولێر، لە سەنتەری شار و ناحیەکانی دەوروبەری، 33 هێڵی گواستنەوە و هەزار و 200 پاس هەن، کە رۆژانە خزمەتگوزاری گواستنەوەی گشتی بە نرخێکی دیاریکراو و گونجاو پێشکەشی هاووڵاتییان دەکەن.