ترەمپ بۆ ناتانیاهۆ: پێویستە هێزەکانتان لە سووریا و لوبنان بکشێننەوە

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سەرۆکی ئەمریکا بە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی راگەیاندووە، پێویستە دەست بکات بە گۆڕینی شوێنی هێزەکانی و پاشەکشێ لە خاکی سووریا و لوبنان. ئەم داواکارییەی ترەمپ فشارێکی نوێیە بۆ سەر سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە سێ مانگ پێش هەڵبژاردنە چارەنووسسازەکانی وڵاتەکەی.

سێشەممە 14ی تەممووزی 2026، بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان کردووە، ترەمپ بە روونی بە ناتانیاهۆی گوتووە، بوونی سەربازیی ئیسرائیل لە ناو خاکی سووریا بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی و رەنگە ناوچەکە بەرەو تەقینەوەیەکی گەورەتر ببات.

بەرپرسێکی ئەمریکی بۆ ماڵپەرەکەی ئاشکرای کرد، ترەمپ بە ناتانیاهۆی گوتووە: خەڵکی ناوچەکە ئێوەیان لەوێ ناوێت، پێویستە هێزەکانتان بکێشنەوە.

لە بەرامبەردا، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ناتانیاهۆ باسی لە پێویستیی بوونی ناوچەی ئەمنی لەسەر سنوورەکان کردووە بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هێرشەکانی هاوشێوەی 7ی ئۆکتۆبەر.

ئەکسیۆس بڵاوشی کردووەتەوە، ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە دوای کۆبوونەوەی ترەمپ و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سووریا دێت، کە لە پەراوێزی لووتکەی ناتۆ لە تورکیا ئەنجامدرا. واشنتن دەیەوێت ئیسرائیل قۆناخ بە قۆناخ لەو ناوچانەی سووریا بکشێتەوە کە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024دا دەستی بەسەردا گرتوون.

باسی لەوەش کردووە، داواکارییەکەی ترەمپ لوبنانیشی گرتووەتەوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە رۆژی سێشەممە نێوەندگیرە ئەمریکییەکان لە شاری رۆما لەگەڵ دیپلۆماتکارانی ئیسرائیل و لوبنان کۆبوونەوە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەیەک، کە تێیدا ئیسرائیل بەڵێنی داوە لە دوو ناوچەی "ئەزموونی" لە باشووری لوبنان بکشێتەوە. ئیسرائیل دەڵێت دەیەوێت دڵنیا بێتەوە کە ئەو ناوچانە لە چەک و ژێرخانی حزبوڵڵا پاککراونەتەوە، بەڵام لایەنی لوبنانی داوای خشتەیەکی کاتیی روون بۆ پاشەکشێ دەکات.

ئەم فشارانەی کۆشکی سپی لە کاتێکدایە کە هەندێک لە ئەندامانی حکوومەتەکەی ناتانیاهۆ نەک هەر دژی پاشەکشێن، بەڵکو داوای دروستکردنی نیشتەجێبوونی جولەکە لەو ناوچانە دەکەن. سەرەڕای ئەم جیاوازییانە لە تێڕوانیندا، بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئەکسیۆسی راگەیاند: "ترەمپ پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ناتانیاهۆ هەیە و هیچ کەسێک هێندەی ترەمپ دۆستی ئیسرائیل و خەباتکار بۆ ئاشتی نەبووە."