نەتەوە یەکگرتووەکان: مانەوەی گەرووی هورمز بە داخراوی کارەساتی مرۆیی لێدەکەوێتەوە
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندی سەرکۆنەی دەستپێکردنەوەی پێکدادانە سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد و هۆشداریی دا, داخستنی گەرووی هورمز لێکەوتەی وێرانکەری بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ لە ناوچەکە و جیهاندا دەبێت; کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختی کردەوە کە پەککەوتنی ئەم رێڕەوە ئاوییە دەبێتە هۆی دروستکردنی قەیرانی مرۆیی و پچڕانی تێپەڕبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک خۆراک و دەرمان.
سێشەممە، 14ی تەممووزی 2026، گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران قۆناخێکی نوێی توندوتیژییان بەخۆوە بینی. دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گەمارۆی دەریایی خستە سەر بەندەرەکانی ئێران، هێزەکانی ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی نوێیان ئەنجام دا، تاران لە وەڵامدا چەندین ئامانجی لە وڵاتانی ناوچەکە پێکا.
فۆڵکەر تورک، کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤ، لە راگەیەندراوێکدا نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی و رایگەیاند: "دەستپێکردنەوەی جەنگ پاشەکشێیەکی گەورەیە بۆ پاراستنی مەدەنییەکان لە ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکەش." هۆشداریشی دا، لێکەوتەکانی داخستنی گەرووی هورمز تەنیا لە چوارچێوەی جوگرافیی ناوچەکەدا نامێنێتەوە، بەڵکو کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر مافەکانی مرۆڤ لە هەموو جیهاندا دەبێت.
کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوە کرد، گەرووی هورمز پێش هەڵگیرسانی جەنگ لە مانگی شوباتدا، رێڕەوی یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهان بووە و وەک شادەمارێکی گرنگ وەسفی کرد کە ملیۆنان مرۆڤ بۆ بژێوی و پێداویستییەکانیان پشتی پێ دەبەستن. فۆڵکەر تورک گوتی: "پەکخستنی جووڵەی کاڵا بنەڕەتییەکانی وەک خۆراک و دەرمان، لێکەوتەی کۆمەڵایەتی، ئابووری و مرۆیی یەکجار قورسی لێ دەکەوێتەوە."
نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە واشنتن و تاران کرد دەستبەجێ" هێرشەکان رابگرن و بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ. جەختیشی کردەوە کە پێویستە هەردوولا پابەندی ئەو ئاگربەستە بن کە لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی 17ی حوزەیراندا ئاماژەی پێ کرابوو، بۆ ئەوەی رێگری لە کارەساتێکی مرۆیی گەورەتر بگیرێت.