کاروان نووری دوێتی "خۆ روبار نیت"ی بڵاوکردەوە و هەواڵی دوو پڕۆژەی نوێشی دا
کاروان نووری، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نوێترین دوێتی خۆی بەناوی "خۆ روبار نیت" لەگەڵ رێنوس نەریمان، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئەم بەرهەمە لە پلانم نەبوو تازەی بکەمەوە و بەڵام بە داوای گەنجی دەنگخۆش، رێنوس نەریمان، رازی بووم بەیەکەوە دوێتێک ئەنجام بدەین، چونکە دەنگ و توانا و حەزی بۆ هونەر جێگای هیوام بوو."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ی تەمموزی 2026، کاروان نووری، هونەرمەندی گۆرانیبێژ بە کوردستان24ی گوت، "ئەو بەرهەمە کە بەشێوەی دوێت لەگەڵ رێنوس نەریمان گوتوومە، لە تێکستی محەمەد پاکژە، ئاوازەکەی زەمان نووری دایناوە، کاری دابەشکردنی موزیکەکەی لەلایەن کارزان کامل دانراوە و دیار مەهدی کاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆ کلیپەکە کردووە."
کاروان نووری گوتیشی، " لە پلانم نەبوو ئەم بەرهەمە تازە بکەمەوە بەڵام بە داوای گەنجی دەنگخۆش، رێنوس نەریمان، رازی بووم بەیەکەوە دوێتێک ئەنجام بدەین، چونکە دەنگ و توانا و حەزی بۆ هونەر جێگای هیوام بوو. هەرچەندە ئەوە یەکێک بوو لە هۆکارە سەرەکییەکانی قبوڵکردنی ئەم کارە، بەڵام لە هەمان کاتدا خەریکی دوو پڕۆژەی نوێی دیکەم کە زۆر گرنگن بۆم و بە وردی کاریان لەسەر دەکەم. هەردووکیان لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو دەبن و بە شێوەیەکی شیاو پێشکەشی خۆشەویستانیان دەکەم. سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی هەمیشە پشتگیریم دەکەن و چاوەڕوانی بەرهەمە نوێکانمن.
کاروان نووری، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، خەڵکی شاری سلێمانییە، خاوەنی چەندین بەرهەمی تۆمارکراوە و هەواداری تایبەتی خۆی هەیە.