میسر: هاوبەشیکردنی پاسوۆردی ئینتەرنێت لەگەڵ دراوسێ "حەرامە"

لێژنەی فەتوای میسر بڕیارێکی نوێی لەبارەی دابەشکردنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لەنێوان دراوسێکان دەرکرد و رایگەیاند، پێدانی وشەی نهێنی (پاسوۆرد)ی وایفای بە دراوسێکان لە بەرامبەر بڕە پارەیەک، ئەگەر رەزامەندی کۆمپانیای دابینکەری لەسەر نەبێت، لە رووی شەرعییەوە رێگەپێنەدراوە.

نەزیر محەمەد عەیاد، موفتی کۆماری میسر، لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، پێدانی پاسۆردی وایفای بە دراوسێکان بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی هەمیشەیی و جێگیر لە ماڵەکانیاندا بەکاریبهێنن لە بەرامبەر بڕە پارەیەکی مانگانە کە لە نێوانیاندا رێککەوتنی لەسەر کراوە، بەبێ مۆڵەتی نوسراوی کۆمپانیا، لە رووی ئایینییەوە قەدەخەیە.

موفتی میسر ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم کارە جۆرێکە لە فێڵکردن و دەستدرێژییە بۆ سەر مافی دارایی کۆمپانیاکان، هەروەها پێشێلکردنی بنەمای نیازپاکی و شکاندنی ئەو گرێبەستەیە کە لە نێوان بەشداربوو و کۆمپانیاکەدا واژۆ کراوە.

روونیشیکردەوە کە پەیوەندی نێوان "بەشداربوو" و "کۆمپانیاکانی پەیوەندیی" دەکەوێتە چوارچێوەی گرێبەستە سوودمەندەکان، کە تێیدا بەشداربوو داوای خزمەتگوزاریی بۆ ماڵەکەی دەکات و لە گرێبەستەکەشدا بە راشکاوی نووسراوە کە "خزمەتگوزارییەکە کەسییە".

موفتی میسر باسی لەوەش کرد، لە رووی یاسایی و شەرعییەوە "گرێبەست یاسای نێوان هەردوو لایەنە" و هەر مەرجێک لە ناویدا بێت و دژی بنەما گشتییەکان نەبێت، دەبێت جێبەجێ بکرێت. بەوپێیەی لە گرێبەستی کۆمپانیاکاندا هاتوە کە بەشداربوو بۆی نییە خزمەتگوزارییەکە بە کەسانی دیکە بفرۆشێتەوە یان دەستبەرداری بێت بەبێ رەزامەندی کۆمپانیا، بۆیە سەرپێچیکردنی ئەم مەرجە بە حەرام ئەژمار دەکرێت.

لە کۆتایی فەتواکەدا هاتووە، گۆڕینی خزمەتگوزارییەکە لە بەکارهێنانی "کەسی"یەوە بۆ "هاوبەش" بەبێ ئاگاداری لایەنی دابینکەر، جۆرێکە لە فێڵکردن و ناپاکیی لە گرێبەست، کە هەردووکیان لە ئایینی ئیسلامدا قەدەغە کراون.