لە کەرکووک جووتیارێکی کورد کوژرا
لە سنووری پارێزگای کەرکووک، جووتیارێکی کورد لە کاتی روبەڕوبوونەوەی چەند دزێکدا کە مەبەستیان بووە بەرهەمی گەنمەکەی ببەن، بە سەختی بریندار دەبێت و دواتر گیان لەدەستدەدات. سوپای عێراقیش گەڕان و پشکنینی بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان دەستپێکردووە.
شەوی رابردوو، لە گوندی سیامەنسووری سەر بە شارەدێی لەیلان، رووداوێکی تەقەکردن لە نێوان جووتیارێکی کورد و چەند دزێکی چەکدار روویدا. جووتیارەکە ناوی (ستار جەبار)ە و دوای ئەوەی بۆ ماوەی چەند رۆژێک گەنمەکەی لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە دەدزرا، بڕیار دەدات بۆسە بۆ دزەکان دابنێت.
یەکێک لە کەسوکاری ستار جەبار بە کوردستان24ی راگەیاند: "چەند رۆژێک بوو گەنمی کاک ستار دەدزرا، ئەویش بە مەبەستی گرتنی دزەکان بۆسەی دانایەوە. دزەکان ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکئەپیان پێبووە و پێکهاتبوون لە ژنێک و دوو پیاوی چەکدار."
هەر بەپێی زانیارییەکان، لە کاتی دەرکەوتنی دزەکاندا، شەڕ و تەقە لەنێوان هەردوولا دروست دەبێت، لە ئەنجامدا ستار جەبار بە سەختی بریندار دەبێت و دزەکانیش بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵدێن. ستار جەبار دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
دوای رووداوەکە، هێزەکانی سوپای عێراق گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی تاوانەکە دەستپێکردووە.