فیلمی دۆکیۆمێنتاری "شیرین" بەرهەمهێنرا
فیلمی دۆکیۆمێنتاری "شیرین"، کە لە دەرهێنانی هەڵمەت عومەرە، دوای 14 مانگ کار و وێنەگرتنی بەردەوام لە چیای شیرین، بەرهەمهێنرا و ئەم پڕۆژەیە بە ئامانجی ناساندنی ژینگە، ژیانی ئاژەڵی کێویی و کولتووری خەڵکی ناوچەکە ئەنجام دراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ی تەمموزی 2026، هەڵمەت عومەر، دەرهێنەری فیلمی دۆکیومێنتاری "شیرین" بە کوردستان24ی گوت، "ئەم فیلمە ئەنجامی 14 مانگ ماندووبوون و کارکردنی بەردەوامە لە دڵی چیای شیرین. لەو ماوەیەدا، بۆ ئەوەی بتوانین ژیانی سروشتی ئاژەڵەکان بە شێوەیەکی راستەقینە تۆمار بکەین، 40 کامێرای تریپمان لە شوێنی جیاواز و لەسەر دارەکان دامەزراند. هەر هەفتەی دوو شەو لە ناوچەکە دەماینەوە و بە چاوەڕوانی و ئارامی تەواو کارمان دەکرد، چونکە ئامانجمان ئەوە نەبوو تەنیا وێنەی جوان بگرین، بەڵکو ژیانی راستەقینەی ئاژەڵەکان وەک خۆی پیشان بدەین."
هەڵمەت عومەر گوتیشی، " ساڵانێکە گوێمان لە چیرۆک و گێڕانەوەی خەڵکی ناوچەکە بووە کە چیای شیرین یەکێکە لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی کوردستان لە رووی ژیانی کێوییەوە، بەڵام تاکو ئێستا بەڵگەی بینراوی زۆر کەم بووە. ئێمە بڕیارمان دا لەبری گوێگرتن لە چیرۆکەکان، خۆمان بچین بۆ ناو سروشت و بە کامێرا ژیانی ئەو بوونەوەرانە تۆمار بکەین. ئەوەی لە فیلمەکەدا دەبینرێت، هەمووی لە ژینگەی سروشتی خۆیان و بێ هیچ دەستێوەردانێک تۆمار کراوە."
ئەو دەرهێنەرە باس لە کولتووری خەڵکی ناوچەی شیرین دەکات و دەڵێت، فیلمی شیرین، تەنیا فیلمێکی سروشتی نییە، بەڵکو چیرۆکی هاوژینی مرۆڤ و سروشتە. لە فیلمەکەدا هەوڵمان دا کولتووری خەڵکی ناوچەکە، رێزیان بۆ سروشت و شێوازی ژیانیان لەگەڵ ئاژەڵە کێوییەکان نیشان بدەین. باوەڕمان وایە پاراستنی سروشت، لە ناساندنی ئەو سروشتە دەستپێدەکات."
هەڵمەت عومەر باس لە ئامانجی بەرهەمهێنانی ئەو فیلمە دەکات و دەڵێت، " یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانمان، ناساندنی تایبەتمەندیی ئاژەڵەکانی کوردستان بووە. لە کاتی وێنەگرتندا بینیمان کە زۆرێک لە ئاژەڵەکانی ناوچەکە، لە رووی شێوە، قەبارە، رەفتار و ژیانەوە، تایبەتمەندیی خۆیان هەیە و لە هاوشێوەکانیان لە شوێنەکانی دیکەی جیهان جیاوازن. ئەوەش بەشێکە لە دەوڵەمەندیی ژینگەی کوردستان."
هەڵمەت عومەر ئاماژەی بەوەش دا، " ئێمە وەکو تیمی فیلمەکە توانیومانە ژمارەیەک دیمەنی نایاب تۆمار بکەین، لەوانە سوڕی ژیانی بزنە کێوییەکان و ورچە قاوەییەکان لە هەموو وەرزەکانی ساڵ، هەروەها دیمەنی زۆر لە ئاژەڵەکانی چیای شیرین وەکو، ورچی قاوەیی، گورگی کوردی، بزنی کێویی، قوربەشک، کویشک، باڵندەی لاشخۆر، کەو، پۆڕ، سمۆر، ماری رەش، چەقەڵ، ریوی، کەروێشک و سیخور.
فیلمی دۆکیۆمێنتاری "شیرین"، کە لە دەرهێنانی هەڵمەت عومەرە، بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی 2026، لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی کوردستان بۆ فیلمی ژینگە لە سۆران نمایش بکرێت.