ئەکسیۆس: پێگەی ناتانیاهۆ لە ئەمریکا لاواز بووە

لەسەروبەندی پەرەسەندنە سەربازییەکانی ناوچەکە، نیشانەکانی ساردبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دۆناڵد ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆ بە روونی دەرکەوتوون. سەرەڕای ئەوەی میدیاکانی ئیسرائیل باسیان لە کۆبوونەوەیەکی نزیکی هەردوو سەرکردە دەکرد، بەڵام بەرپرسانی کۆشکی سپی ئاشکرای دەکەن، ترەمپ ئامادە نییە ناتانیاهۆ ببینێت، ئەمەش نیشانەی بێئومێدبوونی واشنتنە لە سیاسەتەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل.

هەینی 17ی تەممووزی 2026، بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" بنیامین ناتانیاهۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە هەوڵی رێکخستنی دیدارێک لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەدات، بەڵام تا ئێستا وەڵامێکی ئەرێنی وەرنەگرتووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ساڵ و نیوێکی رابردوودا ناتانیاهۆ شەش جار سەردانی نووسینگەی سەرۆکی ئەمریکای کردووە، بەڵام ئەمجارەیان کۆشکی سپی پەلە ناکات بۆ میوانداریکردنی.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن، چەند هۆکارێک لە پشتی ئەم ساردییەوەن. یەکەمیان؛ رەخنەگرتنی ناتانیاهۆ بووە لە پلانی ئەمریکا بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی F-35 بە تورکیا. بەرپرسێکی ئەمریکی بە رۆژنامەکەی گوت: "ترەمپ لەم کارەی ناتانیاهۆ یەکجار تووڕە بووە و پێی وایە ناتانیاهۆ مافی ئەوەی نییە دەستوەردان لەو بابەتەدا بکات."

بەگوێرەی راپۆرتەکە، هۆکارێکی دیکە بۆ ئەو زانیارییە هەواڵگرییانە دەگەڕێتەوە کە ئیسرائیل لە کاتی لووتکەکەی ناتۆ لە ئەنقەرە دای بە ئەمریکا، سەبارەت بە پیلانێکی ئێران بۆ تیرۆرکردنی ترەمپ. دواتر دەرکەوت کە زانیارییەکان تەنیا یەک سەرچاوەیان هەبووە و تورکیاش هیچ بەڵگەیەکی بۆ پشتڕاستکردنەوەی نەدۆزیوەتەوە، ئەمەش گومانی لای ئەمریکییەکان دروست کردووە کە رەنگە تەلئەڤیڤ مەبەستی بێت دۆخەکە بە ئاڕاستەی شەڕێکی گەورەتر بەرێت.

ئەکسیۆس ئاماژەشی داوە، ناتانیاهۆ ئێستا نەک هەر لای دیموکراتەکان، بەڵکو لە ناو لایەنگرانی ترەمپیشدا پێگەی لاواز بووە. جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بە ئاشکرا ئەندامانی حکوومەتەکەی ناتانیاهۆی تۆمەتبار کرد بەوەی دەیانەوێت سیاسەتەکانی ترەمپ لە بەرامبەر ئێران پەک بخەن تاوەکو شەڕەکە درێژە بکێشێت.

هاوکات، رۆژی چوارشەممە 103 ئەندامی دیموکراتی ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگیان دا بە بڕینی 3 ملیار دۆلار لە هاوکارییە سەربازییەکانی ئیسرائیل، کە ئەمە وەک زلەیەکی سیاسیی توند بۆ ناتانیاهۆ دەبینرێت.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە پێشتر تیمی پرۆتۆکۆڵ و تەنانەت فڕۆکەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانیشی بۆ گەشتەکەی واشنتن ئامادە کردبوو، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاندبوو، گەشتەکە هەڵوەشاوەتەوە. هەرچەندە هۆکارەکەیان بۆ دواکەوتنی مەراسیمی بەخاکسپاردنی سێناتۆر لیندسی گراهام گەڕاندەوە، بەڵام چاودێران پێیان وایە هۆکارە راستەقینەکە پشتگوێخستنی ناتانیاهۆ بووە لەلایەن ترەمپەوە و هەروەها نیگەرانیی ئەو لە ئەگەری وەڵامدانەوەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە کاتی ئامادە نەبوونی ئەودا.