شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی لەگەڵ ئاکەپە و باخچەلی کۆبووەوە و پلانی سەردانی ئیمراڵیان هەیە
شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی رایگەیاند، لەگەڵ شاندی ئاکەپە و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە کۆبوونەتەوە و پرسی قۆناخی ئێستای پڕۆسەی ئاشتی و داڕشتنی چوارچێوەیەکی یاسایییان تاوتوێ کردووە.
شاندی ئیمراڵی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، رۆژی 15ی تەممووز لەگەڵ نوێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) و رۆژی 16ی تەممووز لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) کۆبوونەتەوە، لە دیدارەکاندا بیروڕا لەبارەی ئەو قۆناخەی پڕۆسەی ئاشتی پێی گەیشتووە و پێویستیی دەستەبەرکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی کە وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکان بێت، ئاڵوگۆڕ کراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پرۆسەی راوێژ و گفتوگۆکانی نێوان لایەنەکان بەردەوام دەبێت. شاندەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، وەک هەنگاوی داهاتوو، ئامانجیان ئەوەیە لە زووترین کاتدا بچنە دوورگەی ئیمراڵی و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆببنەوە.
شاندی ئیمراڵی "دەم پارتی" لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت: "لەو دیدار و پەیوەندییانەی لە 15 و 16ی تەممووز ئەنجاممان دان، هەڵسەنگاندنمان بۆ قۆناخی ئێستای پڕۆسەکە و پرسی خستنەبواری جێبەجێکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی کرد. لە کاتێکدا بەردەوامین لەسەر ڕاوێژەکانمان، پلانمان وایە لە نزیکترین کاتدا دیدارێک لە ئیمراڵی ئەنجام بدەین."