لە سلێمانی شەش پڕۆژەی نوێی گەشتوگوزار جێبەجێ دەکرێن
بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی رایگەیاند، بە مەبەستی گۆڕینی سیمای گەشتیاریی شارەکە و راکێشانی گەشتیارێکی زۆرتر، شەش پڕۆژەی نوێی وەبەرهێنان لە سنووری پارێزگاکە جێبەجێ دەکرێن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی برەودان بە کەرتی گەشتیاری لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی شەش پڕۆژەی ستراتیژیی وەبەرهێنان دەکات. ئەم پڕۆژانە کە لە ئێستادا لە قۆناغی دیزاین و "سایتپلان"دان، بە هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتەکانی پلاندانان و شارەوانی، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانی گەشتوگوزار و شارەوانیی سلێمانی گەڵاڵە کراون.
شوێنی پڕۆژەکان بە وردی دەستنیشان کراون و بەشێکی گرنگیان دەکەوێتە ناوچەی "چەقچەق و هاوینەهەواری سەرچنار". ئەم ناوچانە بەهۆی رووبەرە فراوان و ژینگە گونجاوەکەیانەوە، ساڵانە جێگەی سەرنجی ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارانی ناوەڕاست و خواری عێراقن، بۆیە حکوومەت بە پێویستی زانیوە شوێنی نوێ و مۆدێرن بۆ ئەو سنوورانە زیاد بکات.
ئەم هەنگاوە نوێیە ئامانج لێی تەنیا زیادکردنی شوێنی گەشتیاری نییە، بەڵکو مەبەست لێی دروستکردنی گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە سیمای گەشتیاریی سلێمانی و راکێشانی گەشتیاری زیاتر، تا شارەکە لە رووی خزمەتگوزارییە گەشتیارییەکانەوە بچێتە قۆناخێکی نوێ و پێشکەوتووتر.