لە کۆنگۆ جۆرێکی نوێی مەیموون دۆزرایەوە کە رەنگی لێوی پرتەقاڵییە
زانایان لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ جۆرێکی نوێی مەیمونیان دۆزیوەتەوە کە بە لێوە پرتەقاڵییە دیارەکانی و دەنگە بەرزەکەی دەناسرێتەوە. ئەمە تەنیا پێنجەمین جۆری نوێی مەیموونە کە لە ماوەی 75 ساڵی رابردوودا لە کیشوەری ئەفریقا دەستنیشان کرابێت.
بەگوێرەی توێژینەوەیەک لە گۆڤاری زانستی (PLOS ONE) بڵاوکراوەتەوە، ئەم جۆرە نوێیە ناوی زانستی (Colobus congoensis)ـە و خەڵکی ناوچەکە بە "لیکوێلی" دەیناسن. ئەم مەیموونە خاوەن فەروویەکی رەشی بریقەدار، مووی درێژ، کلکێکی بڵاو و نیشانەی سەرنجڕاکێشی رەنگی کرێمی-پرتەقاڵییە لەسەر رووخساری.
توێژەرانی زانکۆی فلۆریدا ئەتڵانتیک (FAU) و ناوەندی خوێندنی باڵای زانکۆی شاری نیویۆرک رایانگەیاندووە، ئەم مەیموونە خاوەن تایبەتمەندییەکی جیاوازی کاسەی سەر، ددان و ئێسکبەندییە کە لە هەموو جۆرەکانی دیکەی مەیموونی "کۆلۆبۆس" لە ئەفریقا جیای دەکاتەوە. هەروەها کێشی نزیکەی 6.8 کیلۆگرامە، کە بەوەش بچووکترە لە هاوشێوەکانی.
کەیت دێتویلەر، نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە و پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی (FAU) رایگەیاند: "دۆزینەوەی ئەم جۆرە مەیموونە تێگەیشتنی ئێمە بۆ پەرەسەندنی مەیموونە ئەفریقییەکان دەگۆڕێت." ئاماژەی بەوەش کرد کە نزیکترین خزمایەتی لەگەڵ جۆری (Colobus satanas) هەیە کە 1200 کیلۆمەتر لێیەوە دوورە، بەڵام بەڵگە جینییەکان نیشانی دەدەن کە ئەم دوو جۆرە نزیکەی 4 بۆ 5 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر لە یەکتر جیا بوونەتەوە.
پرۆسەی دەستنیشانکردنی ئەم جۆرە نوێیە لە ساڵی 2008ـەوە دەستیپێکرد، کاتێک وێنەیەکی نائاسایی مەیموونێک لەلایەن توێژەرانەوە لە رۆژهەڵاتی کۆنگۆ گیرا. دواتر لە نێوان ساڵانی 2018 بۆ 2022، توێژەران توانییان 114 جار ئەم مەیموونە لە سروشتدا ببینن و لێکۆڵینەوەی وردی جیناتی و ئەناتۆمی بۆ بکەن.
سەبارەت بە پاراستنی ئەم جۆرە نوێیە، توێژەران پێشنیازیان کردووە کە ناوی بخرێتە لیستی ئەو ئاژەڵانەی "لەژێر مەترسی لەناوچووندان"، چونکە تەنیا لە رووبەرێکی دیاریکراوی 1700 کیلۆمەتر چوارگۆشەدا دەژین و بەهۆی راوکردن و لەدەستدانی نشینگەکانیانەوە مەترسییان لەسەرە.
ئەلێکساندەر جۆرجیێڤ، پسپۆڕی ئاژەڵە شیردەرە باڵاکان لە زانکۆی بانگۆر لە وێڵز، ئەم دۆزینەوەیەی بە "دەگمەن و سەرنجڕاکێش" ناوبرد و گوتی: "دۆزینەوەی جۆرێکی نوێی مەیموون کە نەک تەنیا بۆ زانست نامۆ بێت، بەڵکو تەنانەت بۆ خەڵکی ناوچەکەش کەم ناسراو بێت، کارێکی زۆر دەگمەنە." ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە دارستانە باراناوییەکانی کۆنگۆ زۆر فراوانن و بەشێکی زۆریان هێشتا لەلایەن زانایانەوە نەگەڕدراون.