لە هەولێر هۆشداریی دەدرێتە وێستگەکانی غاز
بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی نەوت و کانزاکانی هەولێر زنجیرەیەک رێنمایی نوێ و توندی بۆ رێکخستنی بازاڕی گازی شل (LPG) دەرکرد و رایگەیاند؛ چاودێرییەکان چڕتر دەکرێنەوە.
بەگوێرەی رێنماییەکان، وێستگەکانی پڕکردنەوەی گاز تەنیا بۆیان هەیە گاز بدەنە بریکارە حکوومییە فەرمییەکان و ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە فەرمی بۆ سیستەمی غاز تۆمارکراون. هەروەها جەخت کراوەتەوە گۆڕەپانەکانی غاز تەنیا رێگەیان پێدراوە غاز بدەنە ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە تابلۆکانیان شینە ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی غاز، هەر وێستگەیەک سەرپێچی بکات رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی توند دەبێتەوە.
ئاماری دابینکردنی غاز و خواستی ماڵان، رۆژانە 14 تانکەر غاز هەر تانکەرێک 16-18تۆن بۆ پارێزگای هەولێر دابین دەکرێت. هەروەها شاری هەولێر رۆژانە پێویستی بە 35 هەزار بتڵ غاز هەیە. بەڕێوەبەرایەتییەکە دڵنیایی دەدات ئەم بڕە بەبێ گۆڕانکاری دابین دەکرێت و دابەشکردن لە رێگەی کارتی غازەوە بەردەوامە، کە ئێستا نۆبەی ژمارە 6 و 7ـی کارتەکانە.
سالار محەمەد، بەڕێوەبەری بەدواداچوون و پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "تەنیا لە رۆژی هەینیدا، 10 بەنزینخانە لە هەولێر داخران. هۆکارەکەشی ئەوە بووە کە بە نایاسایی غازیان بۆ بتڵی ماڵان پڕکردووەتەوە، ئەمە کارێکی مەترسیدارە و پێچەوانەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانە."هەروەها هۆشداری دا، هەر بەنزینخانەیەک غاز بۆ بتڵی ماڵان پڕ بکاتەوە، دەستبەجێ دادەخرێت.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاشکرای کردووە، داوایان لە حکوومەتی عێراق کردووە پشکی گازی شل بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، تاوەکو رێگری لە هەر ئەگەرێکی کەمبوونەوەی غاز بگرن و سەقامگیری بازاڕ بپارێزن.