خانمە کوردێک بەشداری لە فێستیڤاڵێکی خۆشنووسیدا کرد
رازاو دزەیی، هونەرمەندی خۆشنووسی کورد، بەشداری لە پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی "دایکی بەهارەکان" بۆ خۆشنووسی، نەخشبەندی و نیگارچکە کرد، کە لە ماڵی چەلبی بۆ میرات لە شاری مووسڵ بەڕێوەچوو.
رازاو دزەیی دەڵێت، "بەشداری کردنم لەم فێستیڤاڵە تەنیا پێشاندانی تابلۆیەک نەبوو، بەڵکو هەنگاوێک بوو بۆ پیشاندانی توانای ئافرەتی کورد لە بواری خۆشنووسیدا.
ئەمڕۆ شەممە، 18ی تەمموزی 2026، رازاو دزەیی، خانمە هونەرمەندی خۆشنووس، دەربارەی بەشداریکردنی لەو فێستیڤاڵە بە کوردستان24ی گوت، "من بۆ یەکەم جار وەک ئافرەتێکی کورد لەو فێستیڤاڵەدا بە بەرهەمێک لە جۆری خۆشنووسی هاوچەرخ بەشداریم کرد؛ شێوازێک کە خۆشنووسی و شێوەکاریم لە یەک کاردا تێکەڵ کرد و روانگەیەکی نوێم بۆ هونەری پیت و رەنگ پێشکەش کرد."
رازاو دزەیی گوتیشی "بەشداری کردنم لەم فێستیڤاڵە بۆ من تەنیا پێشاندانی تابلۆیەک نەبوو، بەڵکو هەنگاوێک بوو بۆ پیشاندانی توانای ئافرەتی کورد لە بواری خۆشنووسیدا. هەروەها جلە هونەرییەکەم لە کاتی بەشداری کردنمدا، کاری دەستی خۆم بوو و بە دەستی خۆم نەخشاندبووم، هەمان نەخش و رۆحی تابلۆی خۆشنووسییەکەم لەسەر دووبارە کردبووەوە، بۆیە هاوسەنگییەکی جوانم لەنێوان جلوبەرگ و بەرهەمی هونەری دروست کردبوو."
ئەو خانمە خۆشنووسە باس لە بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە کرد و گوتی "لە کۆی بەشداربووانی فێستیڤاڵەکەدا، هەشت خۆشنووس ئامادەبوون و تەنیا من وەک ئافرەت لە پارێزگای هەولێر بەشدارییم کردبوو. هەروەها لە کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا، بروانامەی رێزلێنانی بەشداریکردنم پێ بەخشرا و کارە هونەرییەکەشم بووە جێی سەرنجی د. فالح حەسەن، بەڕێوەبەری ناوەندی رۆشنبیریی عێراق بۆ خۆشنووسی و نەخشبەندی، کە ستایشی شێوازی کارەکەمی کرد."
فێستیڤاڵی "دایکی بەهارەکان" بە هاوکاری ماڵی چەلبی بۆ میرات، لەشاری مووسڵ، بۆ پێنجەمین ساڵ بەڕێوەچوو و ئامانجی سەرەکیی بریتیی بوو لە پاراستن، پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی هونەری خۆشنووسی و کولتووری، لە رێگەی کۆکردنەوەی خۆشنووس و هونەرمەندانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.
رازاو دزەیی، خانمە هونەرمەندی خۆشنووسی کورد، ئەندامی کۆمەڵەی خۆشنووسانی کوردستانە. دەرچووی کۆلێژی زانست، بەشی بایۆلۆجی، لە زانکۆی سەلاحەددینە. خۆشنووسی بە شێوەی سەربەخۆ و لە رێگەی خول و راهێنان فێر بووە. بە هاندانی خێزانەکەی، دەستی بە بڵاوکردنەوەی بەرهەمە هونەرییەکانی کرد. یەکەم بەشداریی لە پێشانگەدا لە "پەیمانی کۆچ" لە هەولێر بوو، دواتریش بە حەوت تابلۆ لە کردنەوەی گەلەری "رەنج" لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بەشداری کرد.