119 گومانلێکراوی داعش لە تورکیا دەستگیر کران
هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراواندا لە 30 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان، 119 کەسیان بە تۆمەتی ئەندامبوون و هاوکاریکردنی رێکخراوی داعش دەستگیر کرد.
ئەمڕۆ شەممە، 18ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، هێزەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ داواکاری گشتی و فەرمانگەی دژەتیرۆر، هەڵمەتێکی فراوانیان دژی رێکخراوی داعش ئەنجام داوە. لەو هەڵمەتەدا کە لە 30 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان بە یەک کات بەڕێوە چوو، 119 کەس دەستگیر کران.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەو کەسانە بە سێ تاوانی سەرەکی تۆمەتبار کراون: یەکەم، ئەندامبوون لە رێکخراوی داعش و چالاکییان لە نێو ئەو رێکخراوەدا. دووەم، بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕ و بانگەشەکردن بۆ داعش لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە. سێیەم، دروستکردنی تۆڕێکی دارایی بە ناوی "رێکخراوی خێرخوازی" بۆ ئەوەی پارە بۆ چەکدارانی داعش بنێرن.
وەزارەتی ناوخۆ جەختی لەوە کردەوە کە هێزە ئەمنییەکان بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون بۆ شانە نووستووەکانی داعش و هەموو ئەو کەسانەی بە هەر شێوەیەک هاوکاری ئەو رێکخراوە دەکەن، رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
داعش لە ماوەی رابردوودا چەندین هێرشی خوێناویی لە ناوچەکە و بەتایبەتی لە تورکیا کردووە. بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم مەترسییە، حکوومەتی تورکیا بەردەوام هەڵمەتی ئەمنی ئەنجام دەدات. ئامانج لەم هەڵمەتانە تەنیا دەستگیرکردنی چەکدارەکان نییە، بەڵکوو لێدانی ئەو شانانەیە کە کاری پڕوپاگەندە و دابینکردنی پارە بۆ رێکخراوەکە دەکەن.