کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی ئیسپانیا و ئەرجەنتین سەرنجی دونیای راکێشا

دێ لافوێنتی چیرۆکێکی کۆمێدی لەبارەی لیۆنێل مێسی گێرایەوە

لیۆنێل مێسی، دێ لافوێنتی، لیۆنێل سکاڵۆنی و رۆدری
لیۆنێل مێسی، دێ لافوێنتی، لیۆنێل سکاڵۆنی و رۆدری

پێش یارییە مێژووییەکەی نێوان، را‌‌هێنەر و کاپتنی هەردوو هەڵبژاردەکانی ئەرجەنتین و ئیسپانیا بەشدارییان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دا کرد، سکاڵۆنی رایگەیاند لە هەموو شتێکی ئیسپانیا دەترسێت تەنانەت کاتێک لە هۆتێلەکەشیان دێنە دەرەوە ترسیان هەیە، لە بەرامبەردا دێ لافوێنتی راهێنەری ئیسپانیا جەختی لەوە کردەوە  بەنیاز نییە یاریزانێک بۆ چاودێریکردنی مێسی تەرخان بکات.

دەقی قسەکانی لیۆنێل سکاڵۆنی:
 لە هەموو شتێکی ئیسپانیا دەترسێم تەنانەت کاتێک لە لە هۆتێلەکەشیان دێنە دەرەوە نیگەرانم دەکات، ئەگەر بتوانم رێگە نادەم پاسی ئیسپانیا لە هۆتێلەکەشیان بێنە دەرەوە، ئیسپانیا هەڵبژاردەیەکی گەورەن و  لویس دی لا فوێنتێ کاری نایابی بۆ ئیسپانیا کردووە.
سەیرە هەمووان دەپرسن، ئیسپانیا چی دەکات بۆ راگرتنی مێسی؟ منیش لێتان دەپرسم، ئەرجەنتین چی دەکات بۆ راگرتنی لامین یامال؟، خۆزگە دەمانتوانی لامین یامال لە ژوورەکەیدا بەندی بکەین! ئەو یاریزانێکی زۆر نایابە، ئەم کوڕە سامانێکە بۆ تۆپی پێ، هێشتا لامین لە تەمەنێکی زۆر بچووکدایە و زۆر شتی ماوە پێشکەشی بکات، ئەو بەهرەمەندێکە لە داهاتوودا ئیسپانیا زیاتر دڵخۆش دەکات، بەڵام هیوادارین لەم یارییەدا ئیسپانیا دڵخۆش نەکات، لامین هاوشێوە مێسی، یەکێکە لەو یاریزانانەی کە راگرتنی زۆر قورسە.
لەبارەی ئەوەی کە ئەم یارییە دەبێتە دوایین یاری مێسی، بەرستی نازانم، بەڵام میسی مێژووی راستەقینەی ئەرجەنتینە، ئەو ئەفسانەیە، نازانم ئەم یارییە دەبێتە دوایین یاریی مێسی بەدرێسی ئەرجەنتین لە جامی جیهانی یان نا، نازانم، پێویستە لە خۆی بپرسن، بەڵام مێسی لە سەرسامکردنمان ناوەستێت، بۆیە هیچ وەڵامێکم لانییە، ئەمە پرسیارێکە دەبێت لە مێسی بکرێت نەک لە من.

پوختەی قسەکانی لویس دێ لافوێنتی:
چیرۆکێکی زۆر کۆمیدیتان لەبارەی لیۆنێل مێسی بۆ دەگێڕمەوە، کاتێک راهێنەری تیپی لاوانی سێڤییا بووم رووبەڕووی مێسی بوومەوە، ئەوکات مێسی یاریی بۆ تیپی لاوانی بارسێلۆنا دەکرد، زووتر ئاگاداریان کردمەوە کوڕێک هەیە بە ناوی مێسی زۆر سەرسوڕهێنەرە، منیش هەر لە دەستپێکی یارییەکە یاریزانێکم بۆ راگرتنی مێسی تەرخان کردبوو
تا خولەکی 70 یارییەکە (0 ـ 0) بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی  کارتی زەردی وەرگرت گۆڕانکاریم بەو یاریزانە کرد کە ئەرکی راگرتنی مێسی بوو، دوای ئەم گۆڕانکارییە مێسی لە ماوەی 15 خولەک چوار گۆڵی کرد و یارییەکەمان دۆڕاند، لەگەڵ ئەوەشدا من بە نیاز نیم یاریزانێک بۆ چاودێریکردنی مێسی تەرخان بکەم، دەبێت هەموو یاریزانەکانم بەیەکەوە ئەو کارە بکەن و لە مێسی نزیک بن و دوورنەکەونەوە.
لەبارەی ئەوەی ئایا لامین یامال هاوشێوەی لیۆنێل مێسییە، نەخێر، مێسی لە سەرووی هەموو یاریزانێکی جیهانە و دووبارەبوونەوەی نییە، ئێمە دەبێت یارمەتی لامین یامال بدەین خۆی بێت، چونکە نابێتە مێسی،  دەبێت پاڵپشتی لامین بکەین پارێزگاری لە شێوازی یاریکردن و کەسایەتی خۆی بکات.

وەڵامەکانی لیۆنێل مێسی:
لامین یامال یاریزانێکی سەرسوڕهێنەرە، بەردەوام سەیری یارییەکانی دەکەم، لامین یاری بۆ یانەیەک دەکات کە خۆشم دەوێت، هیوای باشترینی بۆ دەخوازم 
یەکێکە لە ئەستێرە گەورەکانی ئەم سەردەمە، تەمەنی 19 ساڵە و لەم یارییە لە بەردەم دەرفەتێکی مێژوویدایە، بەڵام بە هەموو توانامانەوە هەوڵی ئەوە دەدەین ئەم دەرفەتەی بۆ لامین روونەدات، کاتێک منداڵ بوو وێنەیەکم لەگەڵ گرت، خۆشم سەرم سووڕماوە ئەم وێنەیە زۆر شێتانەیە، ئەمڕۆ هەردووکمان لە مۆندیالدا ڕووبەڕووی یەکتر دەبینەوە، 
هەوڵ دەدەین یارییەکی باش بکەین، هیوادارم لامین لە باشترین ئاستی خۆیدا نەبێت، ئێمە دەمانەوێت یارییەکی چێژبەخش پێشکەش بکەین، ئیسپانیاش یارییەکی زۆر نایاب و چێژبەخش پێشکەش دەکات، ئەوان بە تەنیا خاوەنی لامین یامال نین، بەڵکو چەندین یاریزانی نایاب و گەورەیان هەیە، ئێمەش چەکی تایبەتی خۆمان هەیە، لە تۆپی پێدا ناتوانیت هەموو کاتێک براوە بیت.

وەڵامی رۆدری لەبارەی شێوازی یاریکردنی مێسی:
هەموومان مێسی باش دەناسین، بەڵام ئەو لە ئێمە زیاتر شارەزاترە، تەنیا لە نزیک ناوچەی سزا مەترسیدار نییە، ئەو دەگەڕێتەوە ناوەند و یارمەتی هەموو هێڵەکان دەدات و تیپەکە هەمووی بەیەکەوە دەبەستێتەوە و بنیاتی هێرشەکان دەکات، ئێمە دەبێت زۆر بە وردی چاودێری مێسی بکەین، چونکە ئەو زۆر زیاتر لەوە پێشکەش دەکات کە خەڵک پێشبینی دەکەن.
هێز و ترسناکی مێسی تەنیا لە گۆڵ و ئەسیستەکانی نییە، بەڵکو شێوازی یاریکردنی ئەو زۆر ترسناکە.
ئەو یاریزانێکە هەموومان زۆر بەباشی دەیناسین و شارەزایی تەواوی لە زۆرێک لە لایەنەکانی ئەم یارییەدا هەیە، ئەو تەنها شارەزای ناوچەکانی نزیک هێڵی سزا نییە، بەڵکو ئەو کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ هێڵی ناوەند، بەشداری دەکات لە درووستکردنی هێرشەکان و هێڵەکانی پێکهاتەی تیپەکەی پێکەوە گرێدەدات.
پێویستە ئێمە بە بەردەوامی چاودێری لیۆنێل مێسی بکەین، لەبەرئەوەی ئەو زۆر زیاتر لەوە پێشکەش بە تیپەکەی دەکات کە خەڵک پێشبینی دەکەن.