قوربانیانی بوومەلەرزەکەی ڤێنێزوێلا بۆ زیاتر لە 5 هەزار کەس بەرزبووەوە

بەگوێرەی دوایین ئاماری فەرمی کە بڵاوکرایەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی دوو بوومەلەرزە بەهێزەکەی مانگی رابردووی ڤێنێزوێلا گیانیان لەدەستداوە، گەیشتە 5 هەزار و 119 کەس.

خۆرخێ رۆدریگیز، سەرۆکی پەرلەمانی ڤێنێزوێلا ، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تێلیگرام رایگەیاند، ژمارەی برینداران تا ئێستا بە جێگیری ماوەتەوە و گەیشتووەتە 16 هەزار و 740 کەس.

لە ویلایەتی لا گوایرا تیمەکانی فریاگوزاری بەردەوامن لە دەرهێنانی تەرمەکان لەژێر داروپەردووی دەیان باڵەخانەی رووخاو. هاوکات بەهۆی کارەساتەکەوە هەزاران کەس بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە و لە کەمپە کاتییەکاندا نیشتەجێ کراون، کە بەدەست کەمیی ئاوی خواردنەوە و نەبوونی سیستەمی تەندروستی و ئاوەڕۆی گونجاو گرفتارن.

تاوەکو ئێستا دەسەڵاتدارانی ڤەنزوێلا هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانە بڵاونەکردووەتەوە کە هێشتا بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە.

لە 24ـی حوزەیرانی رابردوو، دوو بوومەلەرزە بەدوایدایەکدا هات بە گوڕی 7.2 و 7.5 پلە بەپێی پێوەری رێختەر، بە جیاوازی کەمتر لە خولەکێک ڤێنێزوێلایان هەژاند. بەهۆی ئەم بوومەلەرزانەوە وێرانکارییەکی گەورە لە ویلایەتی کەنارئاوی لا گوایرا لە باکووری کاراکاسی پایتەخت کەوتەوە.