لە بەغدا چوار کەس بە تۆمەتی ساختەکردنی مۆری دادگاکان و دادوەران دەستگیر کران

دادگای لێکۆڵینەوەی رەسافە لە بەغدا دەستگیرکردنی چوار کەسی راگەیاند کە سەرقاڵی ساختەکردنی مۆری دادگاکانی باری کەسی و مۆری چەند دادوەرێک بوون. تۆمەتبارەکان ئەو مۆرە ساختانەیان بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیریی بە شێوەیەکی نایاسایی بەکارهێناوە.

دادگای لێکۆڵینەوەی رەسافە بڵاوی کردەوە، دوای وەرگرتنی زانیاری ورد لە بەشی لێکۆڵینەوە لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی رەسافە، تیمێکی تایبەت پێکهێنرا بۆ چاودێریکردنی چەند کەسێک کە لە نزیک "دار القضاء" لە ناوچەی شەعب لە بەغدا بینراون و سەرقاڵی کاری ساختەکاری بوون.

دادوەرێکی پسپۆڕ لەو بارەیەوە رایگەیاند، تیمەکە گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست و توانیویانە چوار تۆمەتبار لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا دەستگیر بکەن، کە خەریکی ساختەکردنی مۆری دادگاکانی باری کەسی و مۆری تایبەتی چەند دادوەرێک بوون.

هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، تۆمەتبارەکان لەبەردەم دادگا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و ئاشکرایان کردووە کە ئەو مۆرە ساختانەیان بۆ دروستکردنی گرێبەستی هاوسەرگیری بە شێوەیەکی نایاسایی بەکارهێناوە.

دادگای رەسافە ئاماژەی بەوەش کردووە، وتەی تۆمەتبارەکان تۆمار کراوە و ئێستا فەرمانی دەستگیرکردن و پشکنین بۆ تەواوی ئەو کەسانەی دیکەش دەرکراوە کە لەم دۆسیەیەدا تێوەگلاون و هاوکاری تۆمەتبارەکان بوون بۆ ئەوەی رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.