لە هەولێر کار بۆ رێکخستنەوەی کارگەکان و پاراستنی ژینگە دەکرێت
هەنگاوەکان بۆ رێکخستنەوەی کارگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دەستیپێکردووە و ئامانجی سەرەکیش پاراستنی ژینگەی شارەکەیە، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی تایبەت پێکهێنراوە تاوەکو بە شێوەیەکی مۆدێرن کار و پێگەی کارگەکان رێکبخرێنەوە.
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستن و پارێزگاریکردن لە ژینگەی هەولێر، هەڵمەتێکی فراوان بۆ رێکخستنەوەی کارگەکان دەستیپێکردووە و لەمەودوا چاودێرییەکان چڕتر دەکرێنەوە. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند؛ بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکان، کشتوکاڵ، تەندروستی، پەرەپێدانی پیشەسازی، ژینگە و چەندین فەرمانگەی دیکەی پەیوەندیدار، هەنگاوی خێرا بۆ رێکخستنەوەی کاروباری کارگەکان دەنێن.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، جەخت لەسەر ئەو کارگانە دەکرێتەوە کە لە دەرەوەی ناوچە پیشەسازییە فەرمییەکان دامەزراون و دەبێت سەرجەمیان رەچاوی مەرجەکانی پاراستنی ژینگە بکەن. هەروەها سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون بۆ داڕشتنی میکانیزمێکی گونجاو و مۆدێرن تاوەکو کار و پێگەی ئەو کارگانە لەسەر بنەمای یاسا و رێوشوێنە کارپێکراوەکان رێکبخرێنەوە.
بەگوێرەی داتا و ئامارە فەرمییەکان، زیاتر لە 4000 کارگەی مۆڵەتپێدراو لە پارێزگای هەولێر بوونیان هەیە، کە دابەشبوون بەسەر کەرتەکانی پیشەسازی، بیناسازی، نەوت و کانزاکان، خۆراک و کیمایی. بەشێکی زۆری کارگە گەورەکانیش دەکەونە سەر رێگەکانی "هەولێر - گوێڕ، هەولێر - کەرکووک و هەولێر - مووسڵ"، کە بڕیارە رێکخستنەوەی تەواویان بۆ بکرێت.