بۆ جاری دووەم هێرشکرایە سەر وێستگەیەکی کارەبا و ئاو لە کوەیت
بەرپرسانی کوەیت رایانگەیاند، بۆ دووەم رۆژ لەسەر یەک، هێرشێکی ئێران وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا و ئاوی لەو وڵاتە کردووەتە ئامانج و بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە تاران وەک تۆڵەکردنەوەیەک لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا، هێرشەکانی لە ناوچەی کەنداو فراوانتر کردووە.
رۆژی یەکشەممە، 19ی تەممووزی 2026، وەزارەتی کارەبا، ئاو و وزە نوێبووەکانی کوەیت، لە بەیاننامەیەکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند: "لە ئەنجامی دەستدرێژی ئێران بۆ سەر کوەیت، وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا و پاڵاوتنی ئاو، بۆ دووەم جار لە ماوەی دوو رۆژدا، کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە ئاگر لە بەشێک لە دامەزراوەکانی وێستگەکە کەوتووەتەوە."
هەروەها وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگرەکەن.
ئەم هێرشانە دوای ئەوە دێن کە ماوەی هەشت رۆژە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتوونەتە ئاستێکی بێپێشینە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشتر هۆشداری دابوو کە ئەگەر ئێران نەگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان، ژێرخانە ستراتیژییەکانی ئەو وڵاتە دەپێکێت و لە بەرامبەریشدا ئێران هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە ژێرخانی وزەی هەموو ناوچەکە بە ئامانج دەگرێت.