وەزارەتی پلاندانان کار بۆ راکێشانی پڕۆژەی بەخشەرەکان دەکات
وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ راکێشانی پڕۆژەی بەخشەرەکان دەکات و سوود لە ئەزموونی وڵاتان وەردەگرێت.
دکتۆرە کەنار فازڵ، بەڕێوەبەری گشتیی هاوکاری و هەماهەنگی لە وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24 ـی گوت، هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان تەنیا لە پاڵپشتیی دارایی کورت نابنەوە، بەڵکو لە رێگەی گواستنەوەی ئەزموونی وڵاتانی پێشەنگ و داڕشتنی پلانی تۆکمەوە بۆ هەرێمی کوردستانن.
گوتیشی: هەوڵدەدەن کارامەیی وڵاتان و هەروەها ئەو پڕۆژانەی لەلایەن وڵاتان و بەخشەرەکانەوە پێشکەشی وڵاتان دەکرێن زۆرترینان بۆ هەرێمی کوردستان بەدەست بێنن.
سەبارەت بە هەماهەنگی و دروستکردنی ئاستەنگ لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە، د. کەنار فازڵ رایگەیاند، حکوومەتی عێراق ناتوانێت بەربەست دروست بکات، چونکە ئەوان لەگەڵ عێراق دەچنە پێشبڕکێ بۆ ئەوەی زۆرترین پڕۆژە لە وڵاتی سێیەمەوە بەدەست بێنن. بەشێوەیەک کاتێک وڵاتێک دەیەوێت پڕۆژە پێشکەشی عێراق بکات یان دەیەوێت چەند پڕۆژەیەک جێبەجێ بکات، ئەوان لە کێبركێ دەبن هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو پڕۆژە لە هەرێمی کوردستان دەدەن وەک لەوەی لە شارێکی عێراق بکرێت.
ئاماژە بەوەش دەکات، لەگەڵ وڵاتانی دەرەکی و لایەنە بەخشەرەکان کار دەکەن و سەرنج دەخەنە سەر ئەوەی هەر وڵاتێک لە چ کەرت و بوارێکدا پێشەنگ و پێشکەوتووە، بۆ نموونە لەگەڵ هۆڵەندا کار لەسەر پڕۆژەی کشتوکاڵی دەکەن و هەروەها ئەڵمانیا پیشەسازی و ژاپۆن ژێرخانی ئاو و ئاوەڕۆ، دەشڵێت، وڵاتان و بەخشەرەکان کارکردن لە هەرێمی کوردستان بە ئاسانتر و باشتر دەزانن وەک ئەوەی لە وڵاتانی ناوچەکە و شارەکانی دیکەی عێراق.