دانیشتووانی سەرگەڕان داوای چارەسەرکردنی کێشەی بێکارەبایی دەکەن

دانیشتووانی شارەدێی سەرگەڕان داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن کێشەی کارەبایان بۆ چارەسەر بکەن، ئاماژە بەوەش دەکەن، سەرجەم شارەدێ و شارۆچکەکانی دەوروبەریان کارەبایان هەیە، تەنیا سەرگەڕان بێبەش کراوە.

یەکێک لە هاووڵاتییە ناڕازییەکانی شارەدێی سەرگەڕان بە کوردستان24ـی راگەیاند "دەمانەوێت لە رێگەی کەناڵەکەتانەوە دەنگمان بگەیەنینە بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، چونکە تا ئێستا کەس بە هانامانەوە نەهاتووە."

ئەو هاووڵاتییە ئاماژەی بەوەش کرد "ئێمە وێستگەیەکی تایبەتی کارەبامان هەیە کە تەنیا 30 ماڵی لەسەرە و هیچ پاڵەپەستۆیەکی لەسەر نییە، کەچی ماوەی مانگێکە کارەبامان پێنادەن، لە کاتێکدا سەرجەم شارەدێ و شارۆچکەکانی دەوروبەرمان کارەبای بەردەوامیان هەیە، تەنیا ئێمە نەبێت."

باسی لەوەش کرد، شارەدێکەیان ڕووبەرێکی کەمی هەیە و هاوشێوەی گوندێکە، بۆیە داوا دەکەن لایەنە پەیوەندیدارەکان بێنە سەر هێڵ، چونکە وەک خۆی دەڵێت "خەڵکی سەرگەڕان بێخاوەنن و کەس خەم لەم شارەدێیە ناخوات و گوێ لە دەنگمان ناگرێت. تەنانەت ئەوانەشی فەرمانبەرن و لێرە دەوام دەکەن، تەنیا دێن و دەڕۆنەوە و گوێ بە کێشەکانی خەڵکی ناوچەکە نادەن."

شارەدێی سەرگەڕان یەکێکە لە سێ ناحیەکەی سەر بە شارۆچکەی دووبز لە پارێزگای کەرکووک لە باشووری کوردستان. ناوچەکە دەکەوێتە چوارچێوەی ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە ناوەندە کارگێڕییەکەی شارەدێی سەرگەڕانە.