توێژینەوەیەکی نوێ: هۆرمۆنی میلاتۆنین ئازار کەم دەکاتەوە
توێژینەوەیەکی نوێی پزیشکی ئاشکرای دەکات، هۆرمۆنی میلاتۆنین کە بە "هۆرمۆنی خەو" ناسراوە، سوودێکی دیکەی سەرسوڕهێنەری هەیە و دەتوانرێت وەک ئازارشکێنێکی کاریگەر بۆ ئەو کەسانەی ئازاری درێژخایەنیان هەیە بەکاربهێنرێت.
هۆرمۆنی میلاتۆنین کە بە شێوەیەکی سروشتی لە جەستەدا بەرهەم دێت بۆ رێکخستنی سوڕی خەو و بەئاگابوون، هەمیشە وەک تەواوکەرێکی خۆراکی بۆ چارەسەری بێخەوی بەکارهاتووە. بەڵام تۆژەران دەریانخستووە کە کاریگەرییەکانی ئەم هۆرمۆنە دەگاتە کەمکردنەوەی ئازار، ئەمەش بەهۆی کارلێکەکانی لە ناو مێشک و تایبەتمەندییە دژە هەوکردنەکانی.
لە توێژینەوەیەکدا کە لە گۆڤاری (Pain) بڵاوکراوەتەوە، تیمێکی توێژەر لە زانکۆی سیدنی لە ئوسترالیا زانیارییەکانی 23 تاقیکردنەوەی پێشوویان شیکردەوە کە 2028 کەسی گرتووەتەوە. ئەو کەسانە بەدەست ئازارە جیاوازەکانی کۆئەندامی ماسولکە و ئێسکەوە وەک ئازاری پشت، هەوکردنی جومگەکان و فایبرۆمایەڵجیا دەیانناڵاند.
تۆژەران بەراوردیان لە نێوان کاریگەری میلاتۆنین و چارەسەرەکانی دیکەدا کرد، کە تێیدا بەشداربووان ژەمە جیاوازەکانی میلاتۆنین یان دەرمانی ئازارشکێنەکانی دیکەیان پێدرابوو.
ئەنجامەکان دەریانخستووە کە میلاتۆنین یارمەتیدەر بووە لە کەمکردنەوەی توندی ئازار و باشترکردنی کوالێتی خەو لای ئەو کەسانەی ئازاری درێژخایەنی ماسولکە و ئێسکیان هەبووە. تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا دەرکەوتووە کە کاریگەرییەکەی نزیک بووە لە کاریگەری هەندێک ئازارشکێنی ناسراو، لەوانەش دەرمانە دژە هەوکردنە ناستێرۆیدییەکان، پاراسیتامۆڵ و هەندێک لە ماددە ئۆپیۆیدەکان.
بەگوێرەی راپۆرتی توێژینەوەکە، کاریگەرییەکە لای هەموو بەشداربووان وەک یەک نەبووە؛ لای ئەو کەسانەی لە نەشتەرگەری چاک دەبوونەوە کەمبوونەوەی ئازار بە روونی دیار نەبووە، بەڵام باشتربوونەکە لای ئەو کەسانەی ئازاری درێژخایەنیان هەبوو زۆر دیارتر بووە.
کانگچاو وو، تۆژەر لە بواری کۆئەندامی ماسولکە و ئێسک لە زانکۆی سیدنی و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، رایگەیاند: "میلاتۆنین بەوە جیا دەکرێتەوە کە بە ئاسانی دەست دەکەوێت، نرخەکەی هەرزانە و ئاستی سەلامەتییەکەی ناسراوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی پشت بەستن بە هەندێک دەرمان کە مەترسیی و کاریگەری لاوەکی زیاتریان هەیە.
ئەو تۆژەرە ئەوەشی روون کردەوە کە ئەوان داوا ناکەن میلاتۆنین بکرێتە جێگرەوەی هەموو ئازارشکێنەکان، بەڵکو دەکرێت وەک چارەسەرێکی یاریدەدەر و دوای راوێژی پزیشک بەکاربهێنرێت.
سەبارەت بە کاریگەرییە لاوەکییەکان، توێژینەوەکە ئاماژەی بە هەندێک حاڵەتی وەک هێڵنجدان، سەرئێشە و سەرسووڕان کردووە. میلاتۆنین بە گشتی بە سەلامەت دادەنرێت بۆ بەکارهێنانی کورتخایەن لای ئەو کەسانەی دووگیان یان شیردەر نین، بەڵام زانیارییەکان دەربارەی بەکارهێنانی درێژخایەن هێشتا سنووردارن.
تۆژەران پێیان وایە سووکبوونی ئازارەکە پەیوەندی بە باشتربوونی خەویشەوە هەیە، چونکە خەوی باش دەبێتە هۆی حەسانەوەی ماسولکەکان و یارمەتی جەستە دەدات بۆ چاکبوونەوە، جگە لە تایبەتمەندییە دژە هەوکردنەکانی هۆرمۆنەکە.