قالیباف: پابەندبوون بە رێنمایییەکانی رێبەر مەرجی بنەڕەتیی سەرکەوتنە بەسەر دوژمناندا
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، جەخت لەوە دەکاتەوە، پابەندبوون بە بڕیارەکانی رێبەری باڵا بۆ پاراستنی یەکڕیزیی نیشتمانی، مەرجێکی سەرەکی و پێویستە بۆ بەدیهێنانی سەرکەوتن لە گۆڕەپانی رووبەڕووبوونەوەی دوژمناندا.
یەکشەممە، 19ـی تەممووزی 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: پێداگری لەسەر یەکڕیزیی، تەنیا راسپاردەیەکی ئەخلاقی یان کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو مەرجێکی بنەڕەتی و پێویستە بۆ سەرکەوتن لە گۆڕەپانی بەرەنگاربوونەوەی دوژمندا.
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، پابەندبوون بە بڕیارە شەرعی و نیشتمانییەکانی رێبەری باڵا، دەبێت وەک بەشێکی سەرەکی لە بەرپرسیارێتیی مێژوویی لە پڕۆسەی بەرگریی نیشتمانی و بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتدا سەیر بکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ شەممە 18ـی تەممووزی 2026، موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، لە پەیامێکدا جەختی لەوە کردبووەوە، کە یەکێک لە لە پێشینەترین کارەکان لەم قۆناغەدا، دەستگرتنە بە یەکدەنگی و یەکڕیزیی پیرۆزی نێوان سەرجەم چینەکانی گەل و بەرپرسان لە سەرجەم بوارەکاندا، بە ئامانجی پاراستنی شکۆ و سەربەخۆیی ئێران، بە تایبەتی لە بەرامبەر سیاسەتەکانی ئەمریکادا.
رێبەری باڵای وڵاتەکە لەو پەیامەدا دووپاتی کردبووەوە، دوورکەوتنەوە لە لێکترازان، ململانێی سیاسی و دروستکردنی جیاوازیی کۆمەڵایەتی، بەرپرسیارێتییەکە کە دەکەوێتە سەر شانی هەمووان.
ئاماژەی بەوەش کردبوو، رۆڵی بەرپرسان و لایەنگرانی شۆڕش لەم قۆناغەدا بۆ بەهێزکردنی تەباییی نیشتمانی، یەکجار گرنگ و هەستیارە.