ترەمپ داوا لە کۆمارییەکان دەکات ئێران بخەنە ناو پڕۆژەیاسای سزاکانی سەر رووسیا
سەرۆکی ئەمریکا، داوای لە ئەندامانی پارتی کۆماریی کرد کە ئێران بخەنە نێو پڕۆژەیاسای سزاکانی سەر رووسیاوە، ئەمەش وەک رێزگرتن و جێبەجێکردنی خواستێکی سێناتۆری کۆچکردوو لێندزی گراهام.
یەکشەممە، 19ـی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس) نووسیویەتی: دەبێت کۆمارییەکان ئێران بخەنە نێو پڕۆژەیاسای سزاکانی سەر رووسیا، ئەمە ئەو کارە بوو کە سێناتۆر لێندزی گراهام دەیویست، بێگومان دەبێت ئەوە روو بدات، چونکە بابەتێکی گرنگە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، سێناتۆر ریچارد بلومێنتال، پڕۆژەیاسایەکی نوێکراوەی لەبارەی سزاکانی سەر رووسیا و کڕیارانی وزەی ئەو وڵاتە پێشکەش کرد، کە پێشتر بە بەشداریی سێناتۆری کۆچکردووی کۆمارییەکان، لێندزی گراهام، داڕێژرابوو.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی "تاس"، دەقی نوێی پڕۆژەیاساکە کە بە ناوی "گراهام"ەوە ناونراوە، تێێدا هاتووە، کە سزای توند بەسەر ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا، سەرکردە باڵا سەربازی و سیاسییەکان، بازرگانان، کۆمپانیا حکوومییەکان و ئەو دامەزراوە بیانییانەدا بسەپێنرێت کە بەپێی تێڕوانینی ئەمریکا، پاڵپشتی پیشەسازیی بەرگریی رووسیا دەکەن.
جگە لەوەش، پڕۆژەکە پێشنیاری سزادانی بانکی ناوەندیی رووسیا، بانکی "سبێربانک"، بانکی "گازپرۆم" و پڕۆژە گەورەکانی وزەی رووسیا دەکات، بە تایبەتی پڕۆژەی گازی سروشتی "یاماڵ" و سێ پڕۆژەی دیکەی گاز لە جەمسەری باکوور.