کپڵەر: رۆژانە 7.4 ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووی بابولمەندەب تێپەڕیوە

رێژەی ئەو نەوتەی کە لە رێگەی گەرووی بابولمەندەب دەگوازرێتەوە، لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا بۆ 7.4 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبووەوە، لە کاتێکدا لە هەمان مانگی ساڵی رابردوودا 4.2 ملیۆن بەرمیل بووە. 

یەکشەممە 19ـی تەممووزی 2026، بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیای "کپڵەر" (Kpler)، ئەو بڕە نەوتەی لە گەرووی بابولمەندەبەوە تێدەپەڕێت، یەکسانە بە نزیکەی 7%ـی کۆی بەرهەمی جیهانیی نەوت، ئاماژەی بەوەشکردووە، لە مانگی حوزەیراندا رۆژانە بڕی 7.4 ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووەکەدا تێپەڕیوە، جەختی لەوەشکردووەتەوە، ئەم زیادبوونە بەرچاوە لە کاتێکدایە کە مەترسییەکان سەبارەت بە ئەگەری تێکچوونی دۆخی یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان روویان لە زیادبوون کردووە.

 

مەترسییەکانی داخستنی رێڕەوە ئاوییەکە:
هاوکات لەگەڵ ئەم زیادبوونە، مەترسییەکان لە بازاڕەکانی وزەدا پەرەیان سەندووە، دوای ئەوەی تاران داوای لە گرووپی حوسییەکانی یەمەن کردووە ئامادەکاری بکەن بۆ داخستنی گەرووی بابولمەندەب، ئەگەر بێت و ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ژێرخانی وزەی ئێران.

ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوە دێن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەم هەفتەیەدا هەڕەشەی کردبوو کە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و پردەکان لە ناوخۆی ئێران دەکاتە ئامانج.

 

کاریگەرییەکان لەسەر بازاڕی جیهانی:
وائیل مەکارم، گەورە ستراتیژیستی بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای "ئێکسنس" (Exness)، رایگەیاند، هەر تێکچوونێکی هاوکات لە گەرووەکانی هورمز بابولمەندەب، دەبێتە هۆی فشارێکی زۆر لەسەر زنجیرەی دابینکردنی وزە لە جیهاندا. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم سیناریۆیە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و بەرزبوونەوەی تێچووی دڵنیایی و گواستنەوە، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر جوڵەی بازرگانی و نرخی وزە دەبێت.

 

گەرووی بابولمەندەب وەک رێڕەوێکی زیندووی بازرگانیی نەوت و کاڵاکان لە نێوان ئاسیا و ئەوروپا دادەنرێت، کە دەریای سوور بە کەنداوی عەدەن و زەریای هیندییەوە دەبەستێتەوە، هەر ئاستەنگێک لە هاتوچۆی کەشتیوانیدا لەو ناوچەیە، کۆمپانیاکان ناچار دەکات رێڕەوی کەشتییەکانیان بگۆڕن، ئەمەش کات و تێچوویەکی زۆرتر دەخاتە سەر شانی کەرتی وزە و بازرگانیی جیهانی.