ئەمریکا: دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی ئێران پێویستی بە 15 هەزار سەرباز هەیە
جێگری سەرۆکی لیژنەی هەواڵگری لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا رایگەیاند، پاراستن یان دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران پێویستی بە رەوانەکردنی 15 هەزار سەرباز هەیە.
یەکشەممە 19ـی تەممووزی 2026، مارک وارنەر جێگری سەرۆکی لیژنەی هەواڵگری لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی "CBS"ی ئەمریکی گوتی: " بۆ ئەوەی بتوانرێت کۆنتڕۆڵی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بکرێت، دەبێت ئەمریکا 15 هەزار سەرباز رەوانەی ناو خاکی ئێران بکات، گوتیشی،" بەڵام هیچ کەسێک نایەوێت کارێکی لەو شێوەیە ئەنجام بدات".
ئەو سیناتۆرە دیارە ئاماژەی بەوەش کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هیچ زانیارییەکی نوێی سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بە کۆنگرێس نەداوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، سەرەڕای ئەوەی لە حوزەیرانی 2025ـدا بەشێکی زۆری ژێرخانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردومان کرا و زیانی گەورەی بەرکەوت، بەڵام وا باوەڕ دەکرێت بڕێکی زۆر لە یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی بەرز لە لای تاران مابێتەوە و ئەو هێرشانە کاریگەرییان لەسەر نەبووبێت.