واشنتن فڕۆکەی جەنگیی زیاتر رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات
بەرپرسانی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە ئاشکرایان کرد، ئەمریکا فڕۆکەی جەنگیی زیاتر رەوانەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئاماژە بەوە دەکات، ئەم هەنگاوە نیشانەی ئەوەیە ئیدارەی ترەمپ خۆی بۆ پەرەپێدانی هێرشەکان دژی ئێران ئامادە دەکات.
یەکشەممە 19ـی تەممووزی 2026، بەگوێرەی زانیاریی بەرپرسانی ئەمریکی کە بە نیویۆرک تایمزیان راگەیاندووە، فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F-16 لە ئەڵمانیاوە و فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووەکانی جۆری F-35 لە بەریتانیاوە رەوانەی ناوچەکە دەکرێن، هاوکات ژمارەیەک فڕۆکەی تانکەر (بۆ سووتەمەنی پێدان لە ئاسماندا) بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکەوتوون.
رۆژنامەکە روونی کردووەتەوە، فەرمانی ناردنی ئەم هێزە ئاسمانییە پێش هێرشەکەی رۆژی هەینیی رابردوو دەرکراوە، کە تێیدا بنکەیەکی سەربازی لە ئوردن کرایە ئامانج و بووە هۆی کوژرانی دوو سەربازی ئەمریکی و برینداربوونی چەندانی دیکە.
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی "رۆیتەرز" لە زاری بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیلییەوە بڵاوی کردەوە، ئیسرائیل چاوەڕێی وەرگرتنی فڕۆکەی تانکەری زیاترە لە ئەمریکا، هاوکات ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" ئاماژەی بەوە کردووە، واشنتن ئیسرائیلی ئاگادار کردووەتەوە لە ناردنی دەیان فڕۆکەی سووتەمەنی پێدان پێش ئەگەری فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە دوای ئەوە دێن، مانگێک لەمەوبەر رێککەوتنی ئاگربەستی کاتی هەرەسی هێنا و هێرشە ئاڵوگۆڕکراوەکانی نێوان واشنتن و تاران توندتر بوونەتەوە، ئەمەش ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی فراوانتری زیاد کردووە. ئاماژە بەوەش کراوە، تا ئێستا ئیسرائیل راستەوخۆ بەشداریی لە دوایین هێرشەکانی ئەمریکادا نەکردووە.