رۆیتەرز: نێوەندگیرەکان هەوڵی نوێکردنەوەی رێککەوتنەکەی پاکستان دەدەن
ئێران کۆمەڵێک پێشنیاری لەلایەن نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکانەوە پێگەیشتووە کە تێیدا پێشنیازی ئاگربەستێکی 10 رۆژە کراوە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ واشنتن و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان.
دووشەممە 20ـی تەممووزی 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئێرانییەوە بڵاویکردەوە، نێوەندگیرەکان پێشنیازێکیان پێشکەش بە تاران کردووە بۆ هێورکردنەوەی ململانێکان لەگەڵ واشنتن. پێشنیازەکە ئاگربەستێکی 10 رۆژە لەخۆدەگرێت بە ئامانجی دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ نوێکردنەوەی ئەو رێککەوتنە کاتییەی کە مانگی رابردوو بە نێوەندگیری وڵاتی پاکستان لە نێوان هەردوولادا واژۆکرا.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، پشتڕاستی کردەوە، وڵاتەکەی چەند پێشنیاز و بیرۆکەیەکی پێگەیشتووە و رایگەیاند نێوەندگیرەکان بە شێوەیەکی چالاک کار دەکەن بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری دۆخەکە، بەڵام باشترە لەم قۆناخەدا نەچنە نێو وردەکارییەکانەوە؛ جەختیشی کردەوە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئێران هاوشانی ئامادەیی و وەڵامدانەوەی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بەردەوامن.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا، راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە سەردانی ئەم دواییەی بۆ قەتەر هەوڵێکی زۆری داوە بۆ زیندووکردنەوەی رێڕەوی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەمریکادا.
لەلایەکی دیکەوە، مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاندووە وڵاتەکەی هێشتا ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران، بەڵام جەختی کردەوە پڕۆسەکە دەبێت ببێتە هۆی گەیشتن بە رێککەوتنێکی پابەندکەر کە تاران پێوەی پابەند بێت.
ئەم پێشنیاز و هەوڵە دیپلۆماسییانە لە کاتێکدان مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاندووە، وڵاتەکەی لە نێو جەنگێکی گشتگیردایە لەگەڵ ئەمریکادا و گوتی: "دەبێت واقعبین بین و دەرەنجامە سروشتییەکانی ئەم بەرگرییە قبووڵ بکەین."