ئیسرائیل: لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ئێران هێرشێکی مووشەکیی ئەنجام دەدات
دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە رایانگەیاند، پێشبینی دەکەن سەرکردایەتی ئێران لە چەند کاتژمێری داهاتوودا فەرمانی ئەنجامدانی هێرشێکی مووشەکیی بالیستی بۆ سەر ئیسرائیل دەربکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی ناوچەکە گەیشتوونەتە لوتکە.
یەکشەممە 19ـی تەممووزی 2026، بەپێی ماڵپەڕی "واڵا"ی عیبری، سوپای ئیسرائیل لە نزیکەوە چاودێری جوڵە سەربازییەکانی ناوخۆی ئێران دەکات، ئەمەش دوای ئەوە دێت ئەمڕۆ 4 مووشەک ئاراستەی شاری عەقەبەی ئوردنی کران و هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە رێگەی سیستەمی "قوبەی ئاسنین"ەوە هەوڵی بەرپەرچدانەوەی پاشماوەی مووشەکەکانی دا بۆ ئەوەی نەکەونە ناو خاکی ئیسرائیلەوە.
سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، رەنگە ئێران لە رێگەی ئەو مووشەکانەی ئاراستەی عەقەبەی کردوون، ویستبێتی پەیامێکی ئاگادارکردنەوە بنێرێت، بەڵام تەلئەڤیڤ ئێستا سیاسەتێکی توندتری گرتووەتە بەر و رەچاوی سیناریۆی فراوانبوونی جەنگ دەکات کە رەنگە بە ئامانجگرتنی ژێرخانە گرنگەکانی ناوخۆی ئێران بگرێتەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشبینییانە، دەنگی تەقینەوە لە شاری ئیلاتی ئیسرائیلی بیستراوە، لە لایەکی دیکەوە، راپۆرتەکان باس لە بیستنی دەنگی تەقینەوە دەکەن لە شارەکانی "بەندەر عەباس" و "ئابادان" لە ناوخۆی ئێران، هەروەها لە وڵاتی کوەیت.
لە لایەکی دیکەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئوردن داوای لە هاووڵاتییانی کردووە، خۆیان لە چوون بەرەو فڕۆکەخانە و بەندەری عەقەبە بەدوور بگرن، هەرچەندە دەسەڵاتدارانی ئوردن رایانگەیاندووە هیچ مەترسییەکی پشتڕاستکراوە نییە کە پێویست بە چۆڵکردنی دامەزراوەکانی ئەو شارە بکات.