یوسف خەلیل کتێبی "دیوارەکان"ی بڵاو کردەوە

یوسف خەلیل، نووسەر و رۆژنامەنووسی کورد، نوێترین کتێبی خۆی لەژێر ناونیشانی "دیوارەکان"، چاپ و بڵاوکردەوە و دەڵێت، " ئەو کتێبە هەنگاوێکی نوێیە بۆ بەژیانکردنەوەی ئەو ئەزموون و پەرەگرافە وێژەییانەی کە ساڵانێکی زۆرە لە ناخ و رۆحمدا جێگیر بوون و بوونەتە شوێنێک بۆ پاراستنی خەون و بیرۆکەکانم."

ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ی تەممووزی 2026، یوسف خەلیل، نووسەر و رۆژنامەنووسی کورد بە کوردستان24ی گوت، "کتێبی "دیوارەکان"، کۆبەرهەمی پێنووسێکە کە مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 25 ساڵ لەمەوپێش، کە زۆربەی دەق و بیرۆکەکانی ئەم کتێبە لە قۆناخە جیاوازەکانی ژیانی مندا نووسراون و هەر یەکەیان وێنەیەکن لە ساتە گرنگەکانی ژیان، ئەزموونە تاکەکەسییەکان و تێڕوانینم بۆ مرۆڤ، کۆمەڵگە و وێژە."

یوسف خەلیل گوتیشی، "ئەو کتێبە بە ئەرشیفێکی تایبەت لە رۆژانی خوێندنەوە و نووسینم ناساندووە؛ رۆژانێک کە پەیوەندییەکی قووڵیان بە دروستبوونی کەسایەتی وێژەیی و رۆژنامەوانیی مندا هەبووە. من باوەڕم وایە هەر دەقێک لە کتێبەکەدا بەشێکە لە بیرەوەرییەکانم و هەوڵێکە بۆ پاراستنی ئەو ساتانەی کە بە تێپەڕبوونی کات لەبیر ناچن."

ئەو نووسەرە باس لە بەشەکانی کتێبەکەی دەکات و دەڵێت، "کتێبی "دیوارەکان"، لە دوو بەشی سەرەکی پێکهاتووە. لە بەشی یەکەمدا، من ژمارەیەک لە ژانرە ئەدەبییە جیاوازەکانم کۆکردووەتەوە و خوێنەر ئاشنا دەبێت بە دەق و نووسینگەلێک کە لە قۆناخە جیاوازەکانی ژیانی مندا نووسراون. ئەم بەشە هەڵگری تێڕوانین، هەست، بیرکردنەوە و ئەو ئەزموونانەیە کە لە ژیانی رۆژانەدا کاریگەریان لەسەر من هەبووە."

یوسف خەلیل باسی لەوەش کرد، "لە بەشی دووەمیشدا، من بە شێوەیەکی ئەرشیفی، سەرجەم بوارەکانی رۆژنامەوانیی خۆم خستووەتە ناو کتێبەکە. ئەم بەشە تیشک دەخاتە سەر ئەو ئەزموونانەی کە لە ماوەی ساڵانی کارکردنم لە بواری رۆژنامەوانیدا بەدەستم هێناون و دەمەوێت ببنە بەشێک لە یادەوەری و مێژووی نووسینی خۆم.

دەربارەی واتای ناوەڕۆکی کتێبەکە، یوسف خەلیل دەڵێت، "کتێبەکە تەنیا واتای دیواری ماددی نییە، بەڵکو هێمای سنوور، خەون و ئامانجەکانی مرۆڤە. سروشتی ژیان وابووە کە هەمیشە ئەو شتانەی لەودیو دیوارەکانن، مرۆڤیان هانداوە بۆ دۆزینەوە و گەیشتن بە ئاسۆیەکی نوێ. کاتێک مرۆڤ ناتوانێت هەموو شتێک ببینێت، هەر ئەو نەبینینە دەبێتە هۆکاری بەردەوامبوونی هەوڵ و گەڕان بۆ گەیشتن بە ئەوەی هێشتا نەگەیشتووە."

یوسف خەلیل باس لە گرفتەکانی چاپکردنی کتێبەکە دەکات و دەڵێت، "بەهۆی سنوورداری تێچووەکانی چاپ، کتێبی "دیوارەکان"، بە ژمارەیەکی کەم چاپ کراوە. هیوادارم لە داهاتوودا هاوکاری و پشتگیریی کەسانی دڵسۆز رێگا خۆش بکات بۆ چاپی دواتر، تاوەکو ئەم بەرهەمە بگاتە دەستی ژمارەیەکی فراوانتر لە خوێنەران و لە هەموو شارەکانی کوردستاندا بەردەست بێت."

یوسف خەلیل، بەشێکی گرنگ لە ئەزموونی نووسین و رۆژنامەوانیی خۆی لە لاپەڕەکانی یەک کتێبدا کۆکردووەتەوە؛ کتێبێک کە لەگەڵ ئەوەی سەرچاوەیەکی وێژەیی و رۆژنامەوانییە، هەمان کات وەک ئەرشیفێکی تایبەتیش مێژووی قۆناخێک لە ژیانی نووسەر تۆمار دەکات و بۆ خوێنەر دەرگایەک دەکاتەوە بۆ ناسینی ئەو تێڕوانین و ئەزموونانەی کە لە ماوەی 25 ساڵدا پێگەیشتوون.

یوسف خەلیل، نووسەر و رۆژنامەنووسی کورد، خەڵکی شاری سلێمانییە. لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا لە هەردوو بوارەکانی نووسین و رۆژنامەوانیدا چالاکیی بەردەوامی هەبووە. نووسینەکانی زۆرجار لە دەوری مرۆڤ، کۆمەڵگە، بیرکردنەوەی وێژەیی و ئەزموونە تاکەکەسییەکان دەخولێنەوە. هەروەها لە کاری رۆژنامەوانیدا بە تۆمارکردن و شیکردنەوەی رووداو و بابەتە جۆراوجۆرەکان ناسراوە.