لە سلێمانی شانۆگەریی "شەڕڤانۆ" نمایش دەکرێت

لەلایەن پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی، شانۆگەری "شەڕڤانۆ"، کە لە ئامادەکردن و دەرهێنانی گۆران عەلی کەریمە، لە هۆڵی بەدیعە دارتاش لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی نمایش دەکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ی تەمموزی 2026، گۆران عەلی کەریم، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە بە کوردستان24ی گوت، "شانۆگەریی "شەڕڤانۆ"، 13 ئەکتەر رۆڵی تێدا دەگێڕن، لە دەقی مێژوویی "ئۆریستیا"ی نووسەری یۆنانی ئەسخیلۆس وەرگیراوە و خەبات عارف وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، ئەم بەرهەمە هەرچەندە بنەمای لە تراژیدیای یۆنانی کۆندا هەڵگرتووە، بەڵام لە دەرهێناندا هەوڵم داوە بە شێوەیەکی نوێ و نزیک لە واقیعی کۆمەڵگەی کوردی بخوێندرێتەوە."

گۆران عەلی کەریم گوتیشی، "شانۆکە باس لە ململانێی دەسەڵات، شەڕ، قوربانی و تۆڵەسەندنەوە دەکات و پیشان دەدات چۆن خوێنی رژاو، خوێنی دیکە داوا دەکات و زنجیرەی توندوتیژی بەردەوام دەبێت. هەروەها سەرۆکی وڵات بۆ پاراستنی دەسەڵات، کوڕەکەی خۆی لە دەسەڵات دوور دەخاتەوە و تەنانەت کچەکەشی دەکاتە قوربانی. دوای گەڕانەوەی لە جەنگ، ژنەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە حەزی دەسەڵات، دەیکوژێت و دواتر کوڕەکەش بۆ تۆڵەسەندنەوە، دایکی خۆی دەکوژێت. ئەم زنجیرەیە وەک هێمایەک بۆ بەردەوامبوونی توندوتیژی و نەوەستانی خوێنڕشتن خراوەتە روو."

ئەو دەرهێنەرە باس لە دەرهێنانی ئەو دەقە بیانییە دەکات و دەڵێت، " هەستم بە نزیکایەتیی زۆر لەنێوان 'ئۆریستیا' و ژیانی کۆمەڵگەی کوردی کردووە، بۆیە هەوڵم داوە دەقەکە بە شێوەیەک ئامادە بکەم کە ببێتە بەشێک لە ئەزموونی مرۆڤی کورد. هەروەها بۆیە ناوی 'شەڕڤانۆ'، هەڵبژێردراوە، چونکە لە مێژووی کورددا هەمیشە بوونی شەڕڤان و پارێزەر بۆ مانەوە و بەرگریی لە نیشتمان گرنگ بووە. هەستم بە نزیکایەتیی زۆر لەنێوان 'ئۆریستیا' و ژیانی کۆمەڵگەی کوردی کردووە، بۆیە هەوڵم داوە دەقەکە بە شێوەیەک ئامادە بکەم کە ببێتە بەشێک لە ئەزموونی مرۆڤی کورد. هەروەها بۆیە ناوی 'شەڕڤانۆ'، هەڵبژێردراوە، چونکە لە مێژووی کورددا هەمیشە بوونی شەڕڤان و پارێزەر بۆ مانەوە و بەرگری لە نیشتمان گرنگ بووە."

گۆران عەلی کەریم لە رووی هونەرییەوە باس لە نمایشەکە دەکات و دەڵێت، "لە رووی هونەرییەوە، شانۆکە تەنیا بە گێڕانەوەی چیرۆک سنووردار نابێت، بەڵکو جەستە، وێنە، جووڵە و پانتایی شانۆ وەک زمانێکی سەربەخۆ بەکاردەهێنرێن. من گرنگیی بەوە دەدەم کە ئەکتەر تەنیا گێڕەرەوەی دەق نەبێت، بەڵکو لە رێگەی نواندن، دەنگ و جەستە، چیرۆکێکی نوێ لەبەردەم بینەر دروست بکات و ئەزموونێکی هونەریی تەواو پێشکەش بکات."

شانۆگەری "شارڤانۆ"، کە لە ئامادەکردن و دەرهێنانی گۆرانی عەلی کەریمە و کۆمەڵێک ئەکتەر رۆڵی تێدا دەگێڕن، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، 23ی تەمموزی 2026، لە هۆڵی بەدیعە دارتاش لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی نمایش بکرێت و چەند رۆژێک بەردەوام بێت.