وەزیری سامانە سروشتییەکان: نابێت بەنزینی بازرگانی لە 850 دینار زیاتر بفرۆشرێت

ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی تەممووزی 2026، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نابێت بەنزینی بازرگانی لە 850 دینار زیاتر بێت.

لە نووسراوێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا هاتووە، لەسەر راسپاردەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە مەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان، بڕیارێکی نوێ لەبارەی دیاریکردنی نرخی بەنزینی کوالیتی (نۆرماڵ) دەرکرا.

بەپێی نووسراوەکە کە ئاڕاستەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کراوە و دوابەدوای نووسراوی پێشووتری ژمارە (2364) لە رێکەوتی 2ـی تەممووزی2026 دێت، حکوومەتی هەرێم بڕیاریداوە بە گرتنەبەری ئەم رێکارانەی خوارەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی سووتەمەنی:

یەکەم: دابەشکردنی بەنزینی سەر بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە کوالیتی (نۆرماڵ) بە هەمان رێکاری کارپێکراوی پێشوو بەردەوام دەبێت و بە نرخی (750) دینار بۆ هەر لیترێک بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەکرێت. هاوکات وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەوڵەکانی چڕ دەکاتەوە بۆ خستنەبازاڕی زۆرترین رێژەی بەنزین.

دووەم: بەپێی بڕیارە نوێیەکە، نرخی فرۆشتنی بەنزینی کوالیتی (نۆرماڵ)ی بازرگانی لە سەرجەم بەنزینخانەکاندا نابێت لە (850) دینار بۆ هەر لیترێک زیاتر بێت. لە نووسراوەکەدا بە روونی ئاماژە بەوە دراوە کە هەر بەنزینخانەیەک سەرپێچی بکات و بە بەرزتر لەو نرخە بەنزین بفرۆشێت، رووبەڕووی لێپێچینەوەی توندی یاسایی دەبێتەوە.

ئەم فەرمانە لە رێکەوتی دەرچوونییەوە کاری پێدەکرێت و جێبەجێ دەکرێت، بە ئامانجی دابەزاندنی نرخی بەنزین و جێگیرکردنی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا.

هەر لەمبارەوە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر فەرمانێکی کارگێڕی دەرکردووە و لێژنەی تایبەتمەندی پێکهێناوە بۆ جێبەجێکردنی ناوەرۆکی فەرمانی وەزاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، کە لە پێناو چارەسەری قەیران و دابەزاندنی نرخی بەنزین دەکراوە، بۆ ئەوەی بارگرانی سەر شانی هاووڵاتیان کەمبکرێتەوە.