روبیۆ: دەرگامان بۆ دیپلۆماسی کراوەیە بە مەرجی رێککەوتنێکی راستەقینە
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند وڵاتەکەی هەمیشە دەرگای بۆ چارەسەری دیپلۆماسی لەگەڵ ئێراندا کراوەیە، بەڵام جەختی کردەوە تاران ناتوانێت لە لایەکەوە بانگەشەی خواستی دانوستان بکات و لە لایەکی دیکەشەوە بەردەوام بێت لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمزدا.
دووشەممە 20ـی تەممووزی 2026، مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، رەخنەی توندی لە هەڵسوکەوتەکانی ئەم دواییەی ئێران گرت و رایگەیاند تاران پابەندی لێکتێگەیشتنە هاوبەشەکان نییە.
رۆبیۆ ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی لێک تێگەیشتنەکان، دەبێت گەرووی هورمز بە رووی کەشتیوانیدا کراوە بێت و دوور بێت لە باجی نایاسایی و هێرشکردنە سەر کەشتییەکان، بەڵام رەفتارەکانی ئێران پێچەوانەی ئەمەن؛ گوتیشی: "ناتوانرێت باس لە لێکتێگەیشتنێکی زیندوو بکرێت کاتێک لایەنی بەرامبەر مەرجەکانی پێشێل دەکات."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووپاتی کردەوە واشنتن چەندین جار هەوڵی داوە و هێشتاش ئامادەیە بۆ گفتوگۆ، بە مەرجێک بگەنە رێککەوتنێکی راستەقینە کە ئێران پێوەی پابەند بێت؛ ئاماژەشی دا، "ئەوان پەیامی ئەوە دەنێرن کە دەیانەوێت گفتوگۆ و دانوستان بکەن، بەڵام ئێمە وەڵامی رەفتارەکانی سەر زەوی ئەوان دەدەینەوە؛ رەفتارەکانیشیان ئەوەیە کە مووشەک و درۆن ئاراستەی کەشتییەکان دەکەن، تەنانەت لەم شەوداشدا."
رۆبیۆ ئاشکرای کرد، بڕیار بوو هەفتەیەک لەمەوبەر ئێران راگەیەندراوێک بڵاو بکاتەوە و تێیدا رایبگەیەنێت، چیتر هێرش ناکاتە سەر کەشتییەکان و گەرووی هورمز بە کراوەیی دەهێڵێتەوە، بەڵام لە جیاتی ئەوە هێرشیان کردە سەر سێ کەشتی بازرگانی، و جەختی کردەوە "دەبێت رەفتاری ئەوان بگۆڕێت تاوەکو هەڵوێستی ئێمەش گۆڕانی بەسەردا بێت."