فەرەنسا: ئێران دوو دیپلۆماتکاری دەستگیر کردووین

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا سەرکۆنەی "هێرش و سوکایەتی" هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەرامبەر بە دوو دیپلۆماتکاری وڵاتەکەی لە تاران دەکات و رایدەگەیەنێت، ئەم "پێشێلکارییە گەورەیە" بێ وەڵام و لێکەوتە نامێنێتەوە.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە ئێران، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە رووبەڕووی کردەوەیەکی "ترساندن و هەڕەشەی توند" بوونەتەوە. وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا جەخت دەکاتەوە کە ئەمە پێشێلکارییەکی ئاشکرای رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و پارێزبەندی دیپلۆماسییە .

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو دوو کارمەندە بەبێ هیچ هۆکارێکی یاسایی بۆ چەند کاتژمێرێک دەستبەسەر کراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوە، هەروەها یەکێکیان رووبەڕووی هێرشی جەستەیی و ئەشکەنجە بووەتەوە. لە ئێستادا هەردوو کارمەندەکە گەڕاونەتەوە بۆ باڵیۆزخانە و بڕیارە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا ڕەوانەی فەرەنسا بکرێنەوە.

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هێرشە لە کاتێکدایە ئەو دوو کارمەندە بەرپرسیار بوون لە جێبەجێکردنی پڕۆگرامەکانی پاریس بۆ پشتگیریکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەتایبەتی هونەرمەندان و زانایانی ئێرانی. فەرەنسا جەختی کردەوە کە "دەستبەرداری گەلی ئێران نابن" و بەردەوام دەبن لە پشتگیرییەکانیان.

لەلایەکی دیکەوە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕاستەوخۆ هاوتا ئێرانییەکەی ئاگادار کردووەتەوە کە ئەم "پێشێلکارییە قبوڵنەکراوە" بەرامبەر کارمەندانی وڵاتەکەی بێ لێکەوتە نابێت، هاوکات پشتگیری و هاوسۆزی تەواوی خۆی بۆ دیپلۆماتکارەکان و باڵیۆزی وڵاتەکەی لە تاران دەربڕی بۆ ئەو دۆخە سەختەی تێیدا تێپەڕیون.