پارێزگاری هەولێر: بەنزینخانەکان پابەندکراون بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران

پارێزگاری هەولێر وردەکارییی جێبەجێکردنی فەرمانەکەی سەرۆکوەزیرانی بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین خستەڕوو، هاوکات هۆکاری داخستنی نووسینگەکانی "ئێن ئاڕ تی" روونکردەوە. 

رۆژی دووشەممە، 20ـی تەممووزی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە زووترین کات نرخی بەنزین بهێنرێتە خوارەوە، بە جۆرێک نرخی هەر لیترێک بەنزینی نۆرماڵی بۆ بەنزینی حکوومی بە 750 دینار و بازرگانیش بە 850 دینار بێت. هاوکات بڕیاریدا، لیژنەیەکی باڵا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگارەکان پێکبهێنرێت بۆ چاودێری بازاڕ و رێگری لەوانەی قۆرخکاریی ئەم دۆخە دەکەن، هەرکەس پابەند نەبێت رووبەرووی یاسا دەکرێتەوە.

لەسەر ئەم بنەمایە، ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی تەممووزی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دوای سەرهەڵدانی کێشەی سووتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، سەرۆکوەزیران راستەوخۆ بڕیاری چارەسەرکردنی دەرکرد و هاووڵاتییانی خستە سەنتەری گرنگیپێدانەوە. 

بە گوتەی پارێزگار، بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومەت کە لیتری بە 750 دینارە، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر ناوچەکاندا دابەش دەکرێت، هەروەها کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی و پاڵاوگەکان پابەند کراون بەرهەمی پێویست دابین بکەن. 

لە شاری هەولێر 266 بەنزینخانە هەن. بە گوتەی ئومێد خۆشناو، بەشی هەرە زۆریان پابەندی بڕیارەکە بوون و تابلۆی نرخەکانیان گۆڕیوە بۆ 850 دینار بۆ هەر لیترێکی بازرگانی.

پارێزگاری هەولێر باسی فراوانکردنی ئەرکی لیژنەی چاودێریکردنی کوالێتی کرد بۆ چاودێریکردنی نرخەکانیش، جەختی لە بەردەوامی سەردانە مەیدانییەکانیان کردەوە. گوتیشی، هیچ بەنزینخانەیەک سزا نادرێت ئەگەر پابەندی رێنماییەکان بێت، بەڵام هەر شوێنێک سەرپێچی بکات رووبەڕووی تووندترین سزا دەبێتەوە.

 وەک ئاماژەی پێدا، لە ماوەی رابردوودا حەوت بەنزینخانە بەهۆی خراپیی کوالێتییەوە سزادراون و ناوەکانیان بڵاوکراوەتەوە. هەروەها روونیکردەوە دوێنێ لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیرانی ناوخۆ و سامانە سروشتییەکان و پارێزگارەکان میكانیزمی جێبەجێکردنی بڕیارەکان تاوتوێ کراون و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕی سووتەمەنییەکە زیاد دەکات. 

پارێزگاری هەولێر باسی لەوەش کرد، لە پلاندایە سیستەمی دابەشکردنی بەنزین لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە رێکبخرێت بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەریی زیاتر.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پارێزگاری هەولێر باسی لە دۆسیەی داخستنی نووسینگەی "کەناڵی ئێن ئاڕ تی" کرد و دووپاتی کردەوە، بڕیاری داخستنەکە بڕیارێکی سیاسی و حزبی نییە، بەڵکوو بە بڕیاری دادگا بووە. 

باسی لەوەش کرد، دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوەیان لەسەر پێشێلکاری، هاندانی خەڵک، بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و بێڕێزیکردن، داواکاری گشتی سکاڵای تۆمارکردووە و دادگاش فەرمانی داخستنی نووسینگەکانی دەرکردووە، بەڵام لە هەندێ شوێن پێشێلکاری کراوە و پابەندی بڕیارەکە نەبوون. پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانی هەولێریش تەنیا فەرمانەکەی دادگایان جێبەجێ کردووە و ئەم فەرمانەش هەموو هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

پارێزگاری هەولێر گوتی، خاوەنی ئەو باڵەخانەیەی نووسینگەی ئێن ئاڕ تی تێدایە، بەهۆی پێنەدانی کرێی چەند مانگێکەوە پەنای بۆ دادگا بردووە و سکاڵای تۆمارکردووە. دادگاش بڕیاری داوە باڵەخانەکە چۆڵ بکرێت، بۆیە پۆلیسی هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەری دادگا باڵەخانەکەی رادەستی خاوەنەکەی کردووەتەوە.

ئومێد خۆشناو رەخنەی توندی لە کەناڵەکە گرت بۆ بەکارهێنانی پرسێکی رێسا و یاسایی بە مەبەستی سیاسی، لە کاتێکدا جێبەجێکردنی فەرمانی دادگا لە هەولێر پرسێکی ئاساییە و بۆ هەموو لایەنێک وەک یەک جێبەجێ دەکرێت. گوتیشی، "ئێن ئاڕ تی تا یەک راستی دەڵێت، 99 ناڕاستی دەڵێت".