سووریا ئامادەکاری بۆ کردنەوەی کونسوڵخانەی خۆی لە هەولێر دەکات
بەڕێوەبەری فەرمانگەی کونسوڵخانەکان لە وەزارەتی دەرەوە و کۆچبەرانی سووریا رایگەیاند: شاندێکی فەرمیی وەزارەتەکەیان بە مەبەستی کردنەوەی کونسوڵخانەی وڵاتەکەیان لە شاری هەولێر، بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێکەوتووە.
سێشەممە، 21ـی تەممووزی 2026، محەمەد یەعقوب، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کونسوڵخانەکان لە وەزارەتی دەرەوە و کۆچبەرانی سووریا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمڵایەتیی (ئێکس)، نووسیویەتی: شاندێکی فەرمیی وەزارەتەکەیان سەردانی شاری هەولێر دەکات.
بەڕێوەبەرەکە ئاماژەی بەوە کرد، سەردانی شاندەکە بۆ مەبەستی کردنەوەی کونسوڵخانەی سووریایە لە هەرێمی کوردستان و خزمەتکردنە بە هاووڵاتییانی سووری لە کوردستان.
هاوکات دەڵێت: ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە دیپلۆماسییە، ئاسانکاری و کۆتاییهێنانە بەو گرفتانەی کە هاووڵاتیانی سووریا لە کاتی هەوڵدانیان بۆ بەدەستهێنانی خزمەتگوزارییە کونسوڵییەکان لە هەرێمی کوردستاندا رووبەڕووی دەبنەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، چوارشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2026، حکوومەتی سووریا، لە چوارچێوەی سەر لە نوێ رێکخستنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و فراوانکردنی بازنەی نوێنەرایەتییەکانی لە ناوچەکەدا، بڕیاری کردنەوەی کونسوڵخانەی خۆی لە هەرێمی کوردستان دابوو.
لەم بارەیەوە محەمەد تەها ئەحمەد، بەرپرسی دۆسیەی عەرەبی لە وەزارەتی دەرەوەی سووریا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاندبوو، "لەژێر رۆشنایی فەرمانی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، بڕیار دراوە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی سووریا لە وڵاتانی ناوچەکە کارا بکرێنەوە و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان ئاسایی بکرێنەوە."
بە گوتەی ئەو بەرپرسە باڵایە، کونسوڵخانە نوێیەکەی سووریا لە هەولێر، وەک بەشێک لە پەیكەری باڵیۆزخانەی سووریا لە بەغدا کار دەکات. ئەرکی سەرەکیی ئەم نوێنەرایەتییە بریتی دەبێت لە پێشکەشکردنی راوێژ، ئاسانکاریی یاسایی و خزمەتگوزارییە کۆنسوڵییەکان بەو هاووڵاتییە سووریانەی کە نیشتەجێی شارەکانی هەرێمی کوردستانن.
ئەم پێشهاتە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە دوای رووخانی رژێمی پێشوو لە کانوونی یەکەمی 2024، باڵیۆزخانەی سووریا لە بەغدا بۆ ماوەیەکی کاتی داخرا، بەڵام دواجار بە هەڵکردنی ئاڵای نوێی وڵاتەکە، دەستی بە کارەکانی کردەوە.
لە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولادا، سووریا تا ئێستا هیچ جۆرە نوێنەرایەتییەکی فەرمی یان کونسوڵخانەی لە هەرێمی کوردستان نەبووە و سەرجەم مامەڵەکان لە ڕێگەی باڵیۆزخانەی بەغداوە رایی دەکرا.