بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی نرخی نوێی بەنزین راگەیەنرا
لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە مەبەستی رێکخستنی نرخی بەنزین بە کوالێتییەکانی نۆرماڵ، موحەسەن و سوپەر، چەند بڕیارێکی نوێی راگەیاند.
بڕیارەکان بەم شێوەیەی خوارەوەن:
یەکەم: نرخی فرۆشتنی بەنزینی نۆرماڵی دابینکراو لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە، لە بەنزینخانەکان بۆ هەر لیترێک بە 750 دینارە. هاوکات نرخی فرۆشتنی بەنزینی بازرگانی بە کوالێتیی نۆرماڵ لە بەنزینخانەکان نابێت لە 850 دینار زیاتر بێت.
دووەم: نرخی بەنزینی کوالێتیی موحەسەن لە بەنزینخانەکان نابێت لە 1000 دینار زیاتر بێت.
سێیەم: نرخی بەنزینی کوالێتیی سوپەر لە بەنزینخانەکان نابێت لە 1200 دینار زیاتر بێت.
چوارەم: پێویستە کوالێتیی هەرسێ جۆری بەنزینی نۆرماڵ، موحەسەن و سوپەر بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا بەردەوام هەوڵی داوە نرخی سووتەمەنی و بەتایبەت بەنزین کۆنترۆڵ بکات، بۆ ئەوەی رێگە نەدات بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان دروست بێت.
لە کاتی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی یان کەمبوونەوەی خستنەڕوو بەهۆی بڕینی پشکی هەرێم لەلایەن عێراقەوە، نرخی بەنزین لە بازاڕەکاندا بەرز دەبێتەوە. ئەمەش وای کردووە حکوومەت راستەوخۆ بێتە سەر هێڵ و بڕێکی زۆر بەنزینی پاڵپشتیکراو بە 750 دینار بخاتە بازاڕەوە.
دیاریکردنی سەقفی نرخەکان بۆ بەنزینی بازرگانی و دابینکردنی بەنزینی حکوومی، بەشێکە لە هەنگاوەکانی چارەسەرکردنی کێشەی گرانبوونی سووتەمەنی و رێگریکردن لە قۆرخکاری لەلایەن خاوەن بەنزینخانەکانەوە.