فەرەنسا 5700 کەس بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە
ئاژانسی نیشتمانی بۆ تەندروستی گشتی لە فەرەنسا ئامارێکی مەترسیداری بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ماوەی شەپۆلی گەرمای مێژوویی مانگی حوزەیرانی رابردوودا، 5700 حاڵەتی گیانلەدەستدانی زیاتر لە رێژەی ئاسایی تۆمارکراوە.
چوارشەممە 22ـی تەممووزی 2026، بەپێی راپۆرتی ئاژانسی نیشتمانی بۆ تەندروستی گشتی لە فەرەنسا، لەو ناوچانەی شەپۆلی گەرما گرتوویەوە، لە ماوەی نێوان 17ـی حوزەیران تا 2ـی تەممووز، 21 هەزار و 674 حاڵەتی گیانلەدەستدان بە هەموو هۆکارەکانەوە تۆمارکراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە بەپێی پێشبینییە ئامارییەکان و داتاکانی ساڵانی رابردوو، دەبوو تەنیا 15 هەزار و 910 حاڵەت هەبێت؛ ئەم جیاوازییە کە دەگاتە 5764 کەس، وەک قوربانیانی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی شەپۆلی گەرماکە هەژمار دەکرێن.
ئاگرکەوتنەوەی گەورە لە ئیسپانیا
هاوکات لەگەڵ ئەم دۆخەی فەرەنسا، وڵاتی ئیسپانیا رووبەڕووی یەکێک لە گەورەترین ئاگرکەوتنەوەکانی مێژووی خۆی بووەتەوە لە ناوچەی "گوادالاخارا" لە باکووری مەدرید، ئاگرەکە رووبەری 32 هەزار هێکتار زەوی سووتاندووە و بووەتە هۆی چۆڵکردنی 34 گوند کە دانیشتوانەکەیان نزیکەی 1200 کەس دەبێت.
لەمبارەیەوە، پیدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە کاتی سەردانی ناوچە زیانلێکەوتووەکان رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 22 ئاگرکەوتنەوەی گەورە روویانداوە کە چوار ئەوەندەی ساڵی رابردووە، سانچێز گوتی: "رووبەری سووتاو گەیشتووەتە 100 هەزار هێکتار، پێویستە هۆشیاری گشتی بەرز بکەینەوە و مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بە هەند وەربگرین."
تەنگژەی ژینگەیی لە باشووری ئەوروپا
بەپێی رای پسپۆڕان، ئەوروپا خێراترین کیشوەرە کە پلەکانی گەرمای تێدا بەرز دەبێتەوە، لە باشووری رۆژهەڵاتی فەرەنسا، ئاگرکەوتنەوەیەک 2500 هێکتار زەوی لەناو بردووە و 1100 کارمەندی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنین.
لە یۆنانیش، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بۆ سەروو 41 پلە، حکوومەت کارکردنی لە شوێنە کراوەکاندا لە کاتی نیوەڕۆدا قەدەغە کردووە، لە ئیتاڵیاش، بەهۆی کەوتنەوەی چەندین ئاگر لە دوورگەی سسقڵییە و بەرزبوونەوەی گەرما بۆ 40 پلە، باری نائاسایی راگەیەندراوە، زانایانی کەشوهەوا جەخت دەکەنەوە، چالاکییە مرۆییەکان هۆکاری سەرەکین بۆ توندبوونی ئەم شەپۆلانەی گەرما و وشکەساڵی و ئاگرکەوتنەوەکان.