دەم پارتی: دووشەممەی داهاتوو جوڵەیەکی فراوانی دیپلۆماسی دەستپێدەکەن
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر گفتوگۆکانی تایبەت بە " یاسای چوارچێوە بۆ پڕۆسەی چارەسەری و جەختی لەوە کردەوە کە رێکخستنی یاسایی دەبێتە هۆی دابینکردنی گرەنتیی یاسایی و دامەزراوەیی بۆ پڕۆسەکە.
ئایشە گوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، ئەمڕۆ هەینی 24ی تەمموزی 2026 لەبارەی کارەکانی تایبەت بە "پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی"، سەردانی ئیمرالی و ئەو ڕەشنووسە یاساییانەی چاوەڕوان دەکرێت ببرێنە پەرلەمان، زانیاریی نوێی خستە ڕوو.
سەبارەت بە سەردانی شاندی ئیمرالی بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دۆغان ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە پێشکەشکردنی "رەشنووسێکی ئامادەکراوی چارەسەری" بە ئۆجەلان دەکەن و رایگەیاند "ئەو دیدارانە کۆتاییان بەو هەواڵە بێبنەمایانە هێنا، وەک چۆن سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی پێداوە، تا ئێستا هیچ رەشنووسێکی نووسراو لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا بەش نەکراوە."
ئایشەگوڵ دۆغان رایگەیاند: بۆ ئەوەی پڕۆسەی چارەسەری لە گومان و پڕوپاگەندە دوور بێت و لەسەر بنەمایەکی یاسایی بڕوات، ئامادەکارییەکان بۆ "یاسای چوارچێوە" گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی گوتیشی "ئەم یاسایە وادەکات پڕۆسەکە تەنیا پشت بە ئیرادەی سیاسی نەبەستێت، بەڵکو گرەنتییەکی یاسایی و دامەزراوەیی هەبێت. ئامانجمان ئەوەیە بە کۆدەنگییەکی فراوانی سیاسی ئەم ڕەشنووسە ببەینە پەرلەمان تا ناڕوونییەکان بڕەوێنرێنەوە."
گوتەبێژی دەم پارتی ئاشکرای کرد، هاوسەرۆکانی پارتەکەیان لە رۆژی دووشەممەی داهاتووەوە جوڵەیەکی فراوانی دیپلۆماسی دەستپێدەکەن. لەو چوارچێوەیەشدا، بڕیارە لەگەڵ سەرجەم ئەو پارتە سیاسییانەی لە پەرلەمان فراکسیۆنیان هەیە (چ دەسەڵات و چ ئۆپۆزسیۆن) کۆبوونەوە ئەنجام بدەن.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئایشەگوڵ دۆغان جەختی لە گرنگیی ئاشتیی کۆمەڵایەتی کردەوە و رایگەیاند "مەسەلەکە تەنیا یاسا نییە، بەڵکو مەسەلەی ژیانی 86 ملیۆن مرۆڤە لە وڵاتێکی ئازاد و دیموکراتدا. بەهێزکردنی دیموکراسیی ناوخۆیی، چاکسازیی دادوەری و ئازادیی ڕادەربڕین، بەشێکی دانەبڕاوی ئەم پڕۆسەیەن."
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، بۆ ئەوەی چەک بە تەواوی بێدەنگ بێت و سیاسەتی دیموکراسی جێگەی توندوتیژی بگرێتەوە، پێویستە پەرلەمان ئەم دەرفەتە مێژووییە بقۆزێتەوە و زەمینەیەکی یاسایی بەهێز بونیاد بنێت.