عێراقچی: ئاگربەستی کاتی قبووڵ ناکەین

"بە زمانی هێز، گوشار و هەڕەشە وەڵامی هیچ لایەنێک نادەینەوە"

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک ئاگربەستێکی کاتی قبووڵ ناکات تا ئەو کاتەی داواکارییەکانی لەبارەی گەرووی هورمزەوە بەدی دەهێنرێن. جەختی لەوەش کردەوە، تاران لەژێر گوشار و هەڕەشەکانی ئەمریکادا پاشەکشە ناکات.

هەینی، 24ـی تەممووزی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە میدیاکانی وڵاتەکەی گوت: تاران ئاگربەستێکی کاتی قبووڵ ناکات و ئەم بابەتە بە هیچ شێوەیەک ناخرێتە بەرباس، مەگەر ئەوەی داواکارییەکانی سەبارەت بە گەرووی هورمز بەدی بهێنرێن.

عێراقچی ئاماژەی بەوەش کرد، کێشەی ئێستای نێوان تاران و واشنتن نەبوونی نێوەندگیر نییە، چونکە پاکستان و قەتەر وەک نێوەندگیر هێشتا رۆڵی خۆیان دەگێڕن، بەڵکو کێشە بنەڕەتییەکە لە رێباز و سیاسەتەکانی ئەمریکادایە کە پێویستە بگۆڕدرێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی پرسیارێک، سەبارەت بە گفتوگۆکانی لەگەڵ هاوتا رووسی، چینی، ئۆکرانی، پاکستانییەکەی و دەستپێشخەرییەکانیان بۆ راگرتنی جەنگ رایگەیاند: "راوێژەکانمان لەگەڵ رووسیا و چین بە شێوەیەکی بەردەوام و رێکخراو هەیە و لە هەر کوێیەک دەرفەت بێت گفتوگۆ دەکەین، ئەمڕۆش دەرفەتێکی باش بوو لە کۆبوونەوەکانماندا لەگەڵ وانگ یی و سێرگی لاڤرۆڤ بچینە ناو وردەکارییەکانەوە."

سەبارەت بە رۆڵی پاکستان، عێراقچی گوتی: "سروشتییە لەگەڵ پاکستان وەک نێوەندگیر، گفتوگۆ لەسەر دەستپێشخەری و پێشنیارە جۆراوجۆرەکان هەبێت، بەڵام دیسانەوە جەخت دەکەینەوە کە کێشەی نێوان ئێمە و ئەمریکا نەبوونی نێوەندگیر نییە، بەڵکو رێبازی واشنتنە."

لە درێژەی قسەکانیدا، عێراقچی جەختی لە سەرەوەریی وڵاتەکەی کردەوە و گوتی: "ئێران نیشانی داوە کە ناچێتە ژێر باری ملهوڕییەکانی ئەمریکاوە. ئێمە بە هیچ شێوەیەک بە زمانی زۆرەملێ، گوشار و هەڕەشە وەڵام نادەینەوە. نە لە هەڕەشە دەترسین، نە دەچینە ژێر باری گوشار و نە زمانی هەڕەشەش قبووڵ دەکەین."

وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە، پاراستنی گەلی ئێران و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی لە گەرووی هورمزدا بەشێکە لە بنەما سەرەکی و نەگۆڕەکانی تاران و، تا ئەو کاتەی ئامانج و خواستە رەواکانی گەلی ئێران بەدی نەیەن، لەسەر هەڵوێستی خۆیان بەردەوام دەبن.