مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و فەرمانبەرانی نوێ دابەش دەکرێت

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: رۆژی یەکشەممە، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی مامۆستایانی گرێبەست لە وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەکرێت، هاوکات مووچەی فەرمانبەرانی نوێی دامەزراوی دوای 1ـی تەممووزی 2024ـیش، دابەش دەکرێت.

هەینی، 24ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا کاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی بۆ بەشێک لە فەرمانبەران و مامۆستایانی گرێبەست راگەیاند.

بە پێی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی، رۆژی یەکشەممە 26ـی تەممووزی 2026، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی مامۆستایانی گرێبەستی سەر بە وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەکرێت.

وەزارەتەکە دەڵێت: هەر لە رۆژی یەکشەممەدا، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دەکرێت کە لە دوای رێکەوتی 1ـی تەممووزی 2024ـەوە بە شێوەی گرێبەست یان هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراون و، شایستە داراییەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی خەرج دەکرێت.