فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەنگۆیەک رەتدەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە داخستنی فڕۆکەخانەکە لە شەواندا یان گواستنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی شەو بۆ کاتی رۆژ دەکەن و دووپاتی دەکاتەوە، فڕۆکەخانەکە بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕووی گەشتیاراندا کراوەیە.

ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند "ئەو دەنگۆیانەی باس لە گواستنەوەی سەرجەم گەشتەکانی شەوانە بۆ کاتی رۆژ دەکەن، بە تەواوی دوورن لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکی فەرمییان نییە."

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکە گوتیشی "رەنگە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی بەهۆی هۆکاری تەکنیکییەوە کاتی گەشتەکانیان بگۆڕن، کە ئەمەش حاڵەتێکی ئاساییە، بەڵام هیچ بڕیارێک لە ئارادا نییە بۆ قەدەخەکردنی گەشتەکانی شەو یان گواستنەوەی گەشتەکانی شەوانە بۆ رۆژ"، هەروەها دووپاتی کردەوە، ئاسمانی هەولێر بە تەواوی کراوەیە و فڕۆکەخانەش بەردەوامە لە پێشوازیکردن لە گەشتیاران و کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی.

سەبارەت بە دواکەوتن یان راگرتنی بەشێک لە گەشتە ئاسمانییەکان لەلایەن چەند کۆمپانیایەکەوە، ئەحمەد هۆشیار ئاماژەی بەوە کرد، کۆمپانیاکان زۆرجار بەهۆی هۆکاری جیاواز و تایبەت بە خۆیان گەشتەکانیان بە شێوەیەکی کاتی رادەگرن. 

ئاشکراشی کرد کە لە ئێستادا بەشێک لەو کۆمپانیایانە گەشتەکانیان ڕاگرتووە، بەڵام لە ڕۆژانی داهاتوودا بە شێوەیەکی ئاسایی دەست بە گەشتەکانیان دەکەنەوە.