درۆنێک لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێنرا
درۆنێک لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێنرا و خرایە خوارەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، نزیکەی کاتژمێر 03:20 خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 25ـی تەممووزی 2026، درۆنێک لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە لە ئاسمانی هەولێر خرایە خوارەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینیش، 24ـی تەممووز، پێنج درۆن لە ئاسمانی هەولێر خرانە خوارەوە.
بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی کوردستان24، ئەو پێنج درۆنەی دوێنێ هەینی، ئاراستەی شاری هەولێر کران و لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە تێکشکێندران، لە دەوروبەری شاری مووسڵەوە ئاراستە کرابوون.
زانیارییەکان ئەوەش دەخەنەروو، گرووپە چەکدارە لەیاسادەرچووەکان بەرپرسیارن لە ئاراستەکردنی ئەو پێنج درۆنە بۆ سەر پایتەختی هەرێمی کوردستان. سەرەڕای ئەوەی هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێ نەکەوتەوە، بەڵام مەترسییەکانی ئەو گرووپانە بۆ سەر ئارامیی ناوچەکە بەردەوامە.
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان چەندین جار داوایان لە حکوومەتی عێراق کردووە رێکارێکی توند بگرێتە بەر بۆ کۆتاییهێنان بەم هێرشانە، بەڵام تاوەکوو ئێستا هەوڵەکانی بەغدا لە سنووردارکردنی دەسەڵاتی ئەم گرووپە لەیاسادەرچووانەدا سەرکەوتوو نەبوون.