گۆتێرێز: جۆلان خاکی سووریایە
ئەمڕۆ شەممە، 25ـی تەممووزی 2026، ئەسعەد شەيبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا باسیان لە ئاستی هاوکارییەکانی نێوان سووریا و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قۆناخی داهاتوو، بابەتەکانی چاکبوونەوە و ئاوەدانکردنەوە کرد، هاوکات جەختیان لەسەر گرنگیی پشتگیریکردنی سەقامگیری و سەروەریی خاکی سووریا کردەوە.
لە دیدارەکەدا جەخت لە یەکپارچەیی و سەروەریی سووریا کرایەوە، لەگەڵ تاوتوێکردنی هەوڵەکان بۆ پشتگیریکردنی سەقامگیری و چاکبوونەوە، و بەهێزکردنی هەماهەنگی لە بوارە مرۆیی و گەشەپێدانەکاندا.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ گۆتێرێز، ئەسعەد شەيبانی رایگەیاند، سەردانەکەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، لە دوای 17 ساڵەوە دێت، ئەمەش بایەخی تایبەتی هەیە و نیشانەی گۆڕانی پێگەی سووریایە بەرەو بوون بە هاوبەشێکی کارا لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
ئاماژەی بەوەش کرد، گفتوگۆکانیان تیشکی خستووەتە سەر پەرەپێدانی هاوکارییەکان بە ئاراستەی پشتگیریکردن لە هەوڵەکانی بوژانەوە و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە.
شەيبانی باسی لە پرسی ئاسایش کرد و رایگەیاند، پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سووریا هەڕەشەیەکی راستەوخۆن بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە، گوتیشێ، سووریا سەرنجی لەسەر پاراستنی سنوورەکانیەتی لە رێگەی سنووردارکردنی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا. سەبارەت بە گەڕانەوەی هاووڵاتیان، وەزیری دەرەوەی سووریا ئاشکرای کرد، سێ ملیۆن و نیو سووری گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان، کە ئەمەش بە یەکێک لە گەورەترین پڕۆسەکانی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە لە جیهاندا دادەنرێت و گەلی سووریا لە ئێستادا دەرفەتی هەیە بەشداری لە بنیاتنانەوەی وڵاتەکەیدا بکات.
وەزیری دەرەوەی سووریا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و یەکێتیی ئەوروپا کرد، لەم قۆناخەدا هاوکاریی سووریا بکەن و جەختی لەوە کردەوە کە سووریا بنەمای هاوکاریی بێپێشینەی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان داناوە، لە چوارچێوەی سیاسییەوە بەرەو کرانەوەی دامەزراوەیی و شەفاف هەنگاوی ناوە، ئاماژەی بەوەش کرد، لەم قۆناخەدا ئاوەدانکردنەوە لە پێشینەی کارەکاندایە، ئەمەش پێویستی بە لادانی سەرجەم کۆتوبەندەکان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی یاسایی هەیە کە وڵاتەکە لە قۆناغی فریاگوزارییەوە بەرەو گەشەپێدانی بەردەوام ببات.
لای خۆیەوە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، گوتی: گەلی سووریا چەندین ساڵ رووبەڕووی ناڕەحەتی زۆر بووەتەوە، بەڵام خۆڕاگری و داهێنان و هەستی سەر بەخۆبوونی خۆی لەدەست نەداوە، گۆتێرێز ئاشکرای کرد، سووریا لە ئێستادا هاوتەریب لەگەڵ قۆناخی وەبەرهێنان، بە قۆناخی چاکبوونەوەدا تێدەپەڕێت و کار بۆ رەخساندنی دەرفەت بۆ سەرجەم سوورییەکان دەکات، ئەمەش پێویستی بە سەرکردایەتی و متمانەیەک هەیە کە رێگە بدات هەموو هاووڵاتییەک شوێنی خۆی لە داهاتووی وڵاتەکەیدا بدۆزێتەوە.
گۆتێرێز جەختی لەوە کردەوە، هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت بە تەنیا لە پاش ململانێیەکی قورس خۆی ئاوەدان بکاتەوە، بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاریی سووریا بکات لەم پرۆسەیەدا. ئاماژەی بەوەش کرد کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەیەوێت هاوکارییەکانی لەگەڵ دیمەشق لە بوارە جیاوازەکاندا فراوانتر بکات لەپێناو دابینکردنی داهاتوو و خۆشگوزەرانی وڵاتەکەدا.
لە کۆتاییدا، گۆتێرێز هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکانی دووپاتکردەوە کە "جۆلان" خاکێکی سوورییە و پشتگیریی خۆی بۆ سەروەری و سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی سووریا دەربڕی و داوای راگرتنی سەرجەم پێشێلکارییەکانی کرد، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان دان بەوەدا دەنێت کە ئەوەی هی گەلی سووریایە دەبێت بۆ خۆیان بمێنێتەوە و ناکرێت لێیان زەوت بکرێت.